هەرێم قسەیەکى ترى هەیە

عێراق گرێبەستەکانى هەرێم رەتدەکاتەوە

964+

وریا فەتاح

بە ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لەگەڵ هەردوو کۆمپانیاى (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس).”قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و ئەمەریکا دەستپێدەکات، ئەمە وتەى مەسرور بارزانى سەرۆک وەزیرانى هەرێمە، بەڵام حکومەتى عێراق ئەو گرێبەستانە رەت دەکاتەوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاوى کردەوە، رێکارەکانی تایبەت بە گرێبەستی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەی میران و کێڵگەی تۆپخانە-کوردەمیر لە پارێزگای سلێمانی رەتدەکەینەوە.

دەشڵێت: ئەو رێکارانەی هەرێمی کوردستان گرتوونیەتە بەر بە ئاشکرا دژی یاسا عێراقییەکانە، چونکە نەوت موڵکی سەرجەم عێراقییەکانە و هەر وەبەرهێنانێک لەو سامانەدا بکرێت دەبێت لە رێگەی حکومەتی فیدراڵییەوە بێت.

هەر ئەوەندەش نا، وەزارەتى نەوتى عێراق پێى وایە، پشت بەست بە دەستوور و بڕیارەکانى دادگاى فیدڕاڵى، ئەو گرێبەستانەى حکومەتى هەرێم پوچ و بەتاڵن.

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 19.5.2025 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، لە ژووری بازرگانی ئەو وڵاتە لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێريی رێوڕەسمی واژۆکردنی دوو رێککەوتننامەی گرنگی لە بواری وزەدا کردووە.

روونیشکراوەتەوە، هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی (HKN Energy) و وێستێرن زاگرۆس ( WesternZagros)، بە جیا دوو رێککەوتننامەیان لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکومەتی هەرێم واژۆ کردووە.

هەر بەپێی راگەیەنراوەکە، بەهای ئەو دوو رێککەوتننامەیە دەگاتە دەیان ملیار دۆلار و کاریگەری دیار و ئەرێنیيان دەبێت لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووريی کوردستان.

"بۆ گرێبەستەكانی ئەمریكا پرسمان بە حكومەتی عێراق نەكردووە"