لەگەڵ نەفتی بەسڕە نەیبردەوە
هاندەرانی نەورۆز تووڕەن و هەندێكیان بایكۆتی یارییەكان دەكەن
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
یانەی نەورۆز نەیتوانی لە یاریگەی خۆی لە یانەی نەفتی بەسڕە بباتەوە، كە لە تیپەكانی كۆتایی ریزبەندییە و بە گۆڵێك یەكسان بوون، ئەمەش هاندەرانی یانەكەی تووڕە كرد و ناڕازین لە ئەنجامەكە، هەندێكیشیان دەڵێن نایەنەوە بۆ یارییەكان.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 18.5.2025 یانەی نەورۆز لە یارییەكانی خولی ئەستێرەكانی عێراق، لە یاریگەی خۆی بە 1-1 گۆڵ لەگەڵ یانەی نەفتی بەسڕە یەكسان بوو.
ئەمەش یەكەم یاری بوو هاندەران بگەڕێنەوە یاریگە، دوای كەمبوونەوەی سزاكانی سەر یانەكە.
لەگەڵ ئەوەشدا هاندەرانی نەورۆز، بە ژن و پیاو و منداڵەوە هاتبوونە یاریگە و چاوەڕێی بردنەوە بوون، بەڵام بە دڵشكاوی گەڕانەوە ماڵەوە.
هاندەرانی یانەكە لە بەردەم یاریگەی نەورۆز بۆ 964 قسەیان كرد و بە گشتی ناڕازی بوون لە شێوازی پێكهاتە و پلانی راهێنەر قەحتان جسەییر و پێیان وایە سەركەوتوو نییە لە كارەكەیدا.
نەورۆز دوای ئەم ئەنجامە لە پلەی 12یە بە 43 خاڵ، یانەی نەفتی بەسڕەش لە پلەی 18یە و 29 خاڵی هەیە و كەوتووەتە سنووری دابەزین بۆ پلە نایاب.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا