دیمەنێکی بارانبارین لە یەکێک لە شەقامەکانی کوردستان - وێنە: ئەرشیفی 964
گەشتكردن گونجاو نییە
دیسانەوە كەشوهەوای هەرێم گۆڕانكاری بەسەردا دێت
964+
محەمەد فاتیح
دیسانەوە دەبێت كونجی ماڵەوە بەرنەدەن و بیر لە چوونە دەرەوە و گەشت و سەیران نەكەنەوە، بە تایبەتی ئەمشەو و سبەینێ، چونكە كەشوهەوا بە تەواوەتی گۆڕانكاری بەسەردا دێت و تێكدەچێت.
سادق عەتییە، شارەزا لە بواری كەشناسی هۆشداریدا لە گۆڕانكاری كەشوهەوای هەرێمی كوردستان و بە 964ـی وت، “كەشوهەوای هەرێم هاوشێوەی شارەكانی عێراق جێگیر نابێت و تاكو ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە بە ناجێگیری دەمێنێتەوە”.
پێشبینیكرد بارانی بە لێزمە و مامناوەند ببارێت لەگەڵ روودانی هەورەبروسكە و چەخماخە و رۆژی چوارشەممە زۆرترین باران دەبارێت و هەلی شەپۆلی خۆڵبارینیش بۆ بەیانی، كە دەكاتە رۆژی سێشەممە لە ئارادایە لە زۆربەی شارەكانی هەرێمی كوردستاندا.
وتيشى، “تا رۆژی پێنجشەممە ئاسمانی هەرێم هەور دەبێت و پلەكانی گەرماش لە سبەینیەوە دادەبەزن، رۆژی پێنجشەممە رەشەبا هێور دەبێتەوە و كەشەكە جێگیر دەبێت”.
هۆشداریشی دا بەهۆی گۆڕانكاریی كەشوهەواوە، گەشتكردن لە وشكانی و دەریاوە بۆ ئەمشەو و سبەینێ سێشەممە گونجاو نییە، چونكە شەپۆلی خۆڵبارین و تێكچونی كتوپڕی كەشوهەوا لە ئارادایە.
ئەمڕۆ دووشەممە 12.5.2025 کەشناسی هەرێم پێشبینی بۆ کەشی ئەمڕۆ بڵاوکردەوە و رایگەیاند ئاسمان لە نێوان هەور و نیمچەهەور دەبێت، لەگەل کەمێک دابارینی تاوەباران و بروسکە لە ناوچە شاخاووییە سنوورییەکانی باکوور، لەگەڵ کەمیک بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ لە ناوچەکانی باشووری هەرێم و پلەکانی گەرما تا چوار پلە دادەبەزن.