وەزارەتی پێشمەرگە و کۆمیتەی خاچی سوور لە عێراق یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژو کرد. فۆتۆ: وەزارەتی پێشمەرگە
لەگەڵ خاچی سوور
وەزارەتی پێشمەرگە یاداشتنامەیەکی لەبارەی یاساکانی جەنگ واژو کرد
964+
ژووری هەواڵ
بە مەبەستی پاراستنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لەکاتی جەنگ و رووبەڕووبوونەوەکاندا، وەزارەتی پێشمەرگە و کۆمیتەی خاچی سوور لە عێراق یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژو کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8.5.2025، عەقید ستار عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بە 964ـی راگەیاند، کۆمیتەی خاچی سوور لە عێراق کۆڕ و سیمینار بۆ وەزارەتی پێشمەرگە رێکدەخات و بۆ ئەم مەبەستە دەبێت یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوانیاندا هەبێت کە ئەویش ئەمڕۆ واژو کرا.
“ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە، بۆ لێک نزیکبوونەوە و فراوانبوونی پەیوەندییەکانی نێوانمان و گەیاندنی پەیامی پاراستنی یاساکانی نێوونەتەوەییە لە کاتی جەنگ و ڕووبەرووبوونەوەکاندا”، وەزیری پێشمەرگە لەبارەی لێکتێگەیشتننامەکە وای وتووە.
جێگری بەرپرسی کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە عێراق رایگەیاندووە، لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبین لە کاری پێکەوەیی و پاراستنی یاساکانی جەنگ، دڵنیاین هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ئاستی بەرپرسیارێتی باڵادایە بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، ئەم یاداشتنامەیەش زیاتر پەیوەندییەکانی نێوانمان بەرەوپێش دەبات.