نەخۆشخانەی گشتی کەلار .وێنە :964
" نەخۆشانی درێژخایەن لە كەلار"
بەیانیان بە 500 دینار و ئێواران بە دوو ھەزار دەرمانیان پێدەدرێت
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ئەو کەسانەی دەفتەری وەرگرتنی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان ھەیە، لە کاتی دەوامی بەیانیان دوو رۆژ دەرمانیان پێدەدرێت لە نەخۆشخانەی گشتیی کەلار، ئێوارانیش بە نرخێکی زیاتر دەتوانن ھەموو رۆژ وەریگرن.
ئەو دوو رۆژەی دەوامی بەیانیان بە 500 دینار دەرمانەکانیان پێدەدرێت، بەڵام ئەگەر ئێواران بڕۆن، ھەموو رۆژ پێیان دەدرێت بە دوو ھەزار دینار.
حارس محەمەد، بەڕێوەبەری نەخوشخانەی گشتیی کەلار بە 964ى وت، “پێشتر تەنیا لە بەیانیان دەرمانی نەخۆشانی درێژخایەن دەدرا، لە ھەفتەیەک سێ رۆژ دەرمان دابەش دەکرا، ئێستا بەھۆی نەبوونی کارمەند کراوە بە دوو رۆژ، ھەروەھا بۆ کارئاسانی ھاوڵاتیان ئێوارانیش بە پارەیەکی رەمزی دەتوانن بێن بۆ دەرمانەکانیان”.
“رۆژانی دووشەممە و پێنجشەممە نەخۆش دەتوانێت بێت بۆ دەرمانەکەی لە بەیانیان بە 500 دینار پێی دەدرێت، ھەروەھا دەتوانێت ئێواران بێت ھیچ سەرەیەک ناگرێت و ھەموو رۆژ دەرمان دەدرێت بە نەخۆش تەنیا بە دوو ھەزار دینار”، حارس محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، “نەبوونی کارمەندی پێویست، ناچاری کردوون کارمەندەکانیان تەنیا دوو رۆژ لە بەشی دەرمانخانەی نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەوام بکەن، رۆژەکانی تر لە بەشی هەناو و منداڵان و بەشەکانی دیکە دەوام دەکەن”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا