بە خۆپیشاندان
خەڵكی بەسرە داوای ئاوی خواردنەوە دەكەن
محەمەد فاتیح
ئەمڕۆ هەینی 25.4.2025 بە سەدان هاوڵاتی شاری بەسرە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیان گرتەبەر و داوایان لە پارێزگار و حكومەتی خۆجێیی بەسرە كرد ئاوی خواردنەوە و خزمەتگوزارییەكانی دیكەیان بۆ دابین بكەن.
عەلی عەبادی سەرۆكی ناوەندی عێراق بۆ مافی مرۆڤ تایبەت بە 964ـی وت،”خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی ئەمڕۆی باكوری بەسرە لە دایكبووی ئێستا نییە، بەڵكو دوای زنجیرەك لە خۆپیشاندانەكان دێت كە لە چەندین قەزای پارێزگای بەسرە روویانداوە”.
لە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆ یەكێك لە داواكاریەكانی خەڵكی بەسەرە دابینكردنی ئاوی خواردنەوە و درووستكردنی نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە نەخۆشی شێرپەنجە، دوای بەرزبوونەوەی رێژەی ئەم نەخۆشییە بە هۆی پڕۆسەی دەركردن و پاڵاوتنی نەوت لەم پارێزگایەدا، عەلی عەبادی واى وت.
دەشڵێت خەڵكی باكوری بەسرە هەست بەوە دەكەن كە حكومەتی خۆجێيی بەسرە باكوری پارێزگاكەی پەراوێز خستووە، لەكاتێكدا خزمەتگوزاری و گرنگیدانیان تەنها بۆ ناوەندی شارەكەیە و رۆڵی پەرلەمانتارانی بەسرەش وەك پێویست نییە.
شاری بەسرە پلەی چوارەمی جیهانی گرتووە لە رووی یەدەگی نەوتیەوە كە دەگاتە نزیكەی 115 ملیار بەرمیل نەوت و لە هەر کاتژمێرێکدا 129 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات کە دەکاتە نزیکەی ٣ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەڵام دانیشتوانی شارەکە گلەیی ئەوە دەكەن کە سوود لە سامانی شارەکەیان نابینن.