"رێكاری پێویست دەگرینەبەر"
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە بارەی یارییەكەی نەورۆز و زاخۆ هاتەدەنگ
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق داخی قوڵی دەربڕی بەرامبەر رووداوەكانی یاریی نێوان هەردوو یانەی نەورۆز و زاخۆ لە خولی ئەستێرەكانی عێراق، كە شەوی رابردوو روویان دا، راشیگەیاند رێوشوێن و رێكاری پێویست دەگرنەبەر.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23.4.2025 فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەدا، بەرامبەر ئەو رووداوانەی دوێنێ شەو لە یاریگەی نەورۆز لە سلێمانی، لە گەڕی 29ی خولی ئەستێرەكانی عێراق روویداوە، رێوشوێنی توند و پێویست دەگرنەبەر.
“ئەوەی لە یارییەکەدا روویدا، پێشێلکردنی روونی بەها وەرزشییەکان و پەیامە بەرزەکانە کە فیدراسیۆن هەوڵدەدات لە یاریگەکاندا بیچەسپێنێت، ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر و خولیای وەرزشی کە لە یارییەکانی خولەکەدا بەدی دەکرێت، بە تایبەتی لە یاریگەکانی هەرێمی کوردستان لە وەرزەکانی ڕابردوو و ئێستادا، گوزارشت لە روویێكی پڕشنگداری وەرزش و دەبێت بپارێزرێت”، لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دووپاتی کردەوە کە “بە پشتبەستن بە راپۆرتی سەرپەرشتیاری یارییەکە، رێکاری گونجاو دەگرنەبەر، بە ئامانجی رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی لەو جۆرە لە داهاتوودا”، هاوکات داوا لە یانەکان و یاریزانان و هاندەران دەكات پابەندبن بە رۆحی وەرزشی و خۆیان بەدوور بگرن لە هەر شتێک کە وێنەی تۆپی پێی عێراق لەکەدار بکات.
شەوی رابردوو لە یاریی نێوان هەردوو یانەی نەورۆز و زاخۆ لە خولی ئەستێرەكانی عێراق، گرژی و ئاڵۆزی و شەڕ و ئاژاوە لە نێوان هاندەرانی هەردوو یانە روویدا و لە ئەنجامدا ژمارەیەكی هاندەر و هەروەها پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكانیش بریندار بوون، یارییەكەش تەواو نەكرا، كە ئەنجامەكەی بەبێ گۆڵ بوو، هەروەها زیانێكی زۆر بە یاریگەكەش گەیشت.