دیدارى سلێمانى
سبەینێ و دووسبەى گەورە و بڕیاربەدەستەکان لە سلێمانین
964+
وریا فەتاح
سبەینێ چوارشەممە، نۆیەمین دیدارى سلێمان دەستپێدەکات، سەرۆک و سیاسى و گەورە و بڕیاربەدەستەکانى هەرێم و عێراق و ناوچەکە لەوێ دەبن و قسەیان دەبێت.
دیدارەکە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت 16ـە و 17ـى نیسان، ژمارەیەک دیدار و پانێڵ بەڕێوە دەچیت، پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا، پرسى گۆڕانکارییەکانى ناوچەکە و روودا و پێشهاتەکان و پێکهێنانى کابینەى 10، دەخرێنەبەرباس.
بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمارى پێشووى عێراق و خانەخوێى دیدارەکە و محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق و نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم و محەمەد حەسەن، بەرپرسی یونامی و عەمار حەکیم سەرۆکى رەوتى حیکمە و ئیلهام ئەحمەد بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان و وەزیرى نەوتى عێراق، لە میوانە سەرەکییەکانى دیدارەکە دەبن و قسەیان دەبێت.
لەسەر ئاستى حزبیش، هۆشیار زیبارى ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان، قسەی دەبێت و پێدەچێت پرسى پێکهێنانى کابینەى 10 لەوێ باس بکرێت.
دیدارى سلێمانى لە ساڵى 2013ـەوە دەستیپێکردووە و زانکۆى ئەمەریکى لە سلێمانى، هەڵسوڕێنەر و خەمخۆرى دیدارەکەیە و ساڵانە ئەنجامى دەدات.