"کەس خۆی نەکردووە بەخاوەنی"

مام عەلی لە زیندانێکی بابلەوە چاوەڕێی رووناکییەکە لە پێنجوێنەوە

964+

کامیار کەمال- پێنجوێن

نزیک بە ساڵێکە پیاوێک کە بە رەچەڵەک کوردە و خەڵکی پێنجوێنە لە زیندانێکی بابل “85 کیلۆمەتر لە باشووی بەغدا”  زیندانی کراوە و داوا دەکات کەسوکاری سەردانی بکەن، وەک خۆی باسی کردووە، “دۆخی تەندروستیی باش نییە”.

ئەم پیاوە ناوی مامە عەلییە، 964 سۆراغی کردووە و دەرکەوتووە بەجۆرێک لە جۆرەکان، نەخۆش بیرچوونەوە خەریکە یەخەی پێ دەگرێ.

فەهمی فەتحی، کە کارمەندی زیندانی ناوەندی بابلە و دانیشتووی حاجیاوایە بە 964ی وت، سەردانی مام عەلی کردووە لە زیندانەکە و  هاوڕێ و کەسە نزیک، وە ناسراوەکانی پێ ناساندووە و نامەیەکیشی بۆ نوسیوون.

لە نامەکەدا کە دەست 964 کەوتووە، مام عەلی باسی دوو هاوڕێی دەکات کە یەکێکیان کاری نەفەر بردن دەکات لە پێنجوێنەوە بۆ گوندی “سپیار” لە چوارتا و ناونیشانی وردی داوە و یەکێکی دیکەش لە هاوڕێکانی پێشمەرگەی دێرینە و تەمەنی 50 بۆ 60 ساڵە.

فەهمی فەتحی دەڵێت، زیندانییەکە “مام عەلی” 15 ساڵ حوکم دراوە و هۆکارەکەی ئەوەیە لە بازگەیەکی حەشدی شەعبی ناوی “پەکەکە”ی هێناوە و بەگوێرەی گێڕانەوەی مام عەلی بێت بۆ فەهمی، “کەسێکی نزیکی خۆی بە مام عەلی وتووە بۆ ئەوەی لەو بازگە تێپەڕێت بڵێ پەکەکەم”.

فەهمی لەبارەی تەندروستی مام عەلییەوە دەڵێت، بەجۆرێک لە جۆرەکان، تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە بووە، بەهۆی تەمەنی زۆرەوە ماندووە و تەنیا هیوای ئەوەیە لەو زیندانە بێتە درەوە و رزگاری ببێت و کەسوکاری ببینێتەوە.

لە مانگی رەمەزان، فەهمی فەتحی لە رێگای تۆڕی 964- ەوە پەیامی هەبوونی زیندانییەکی پێنجوێنی نارد لە بابلەوە و زیندانییەکەش داوای هاوکاری کردووە و لە رێگای پەیامنێری پێنجوێنەوە بابەتەکە بە خەڵک و  فەرمانگەی رەگەزنامە و قایمقامیەت گەیەندرا، بەڵام تا ئێستا کەس نەهاتووە بەدەم چیرۆکەکەی ئەو پیاوەوە و پەیامنێرمان، لە سۆراغی کەسوکاری بەردەوام دەبێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

دەقی دەستنووسی نامەی مام عەلی؛