بنکەی ڤیکتۆریا چۆڵکراوە

عێراق: بارەگای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە 30ی ئەیلوول دادەخرێت

ئەحمەد مستەفا

فەریق یەکەمی روکن عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، کە بارەگای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە 30ی ئەیلوولی ئەمساڵ بە فەرمی دادەخرێت.

وە وتی، دوای ئەو وادەیە هیچ هێزێکی شەڕکەری بیانی لەسەر خاکی عێراق نامێنێتەوە.

شەمەری لە لێدوانێکدا بە پێگەی فەڕمی حکومەتی عێراق وتی بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریا بە تەواوی لە هێزەکانی ئەمریکا چۆڵ کراوە، بنکەی ڤیکتۆریا بنکەیەکی سەربازی و لۆجستیکی ئەمریکییەکان بوو دەکەوتە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.

ئەو دەڵێ، هێزە عێراقییەکان کۆنترۆڵی تەواوی چیای شەنگالیان لەدەستدایە و توانای پڕکردنەوەی هەر بۆشاییەکی فڕۆکەوانییان هەیە، بەپێی وتەکانی شەمەری، نیگەرانییەکی ئاسایشی لە قۆناغی دوای کشانەوەی هاوپەیماناندا نییە.

لە هەمان کاتدا، گفتوگۆکان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بەردەوامن بۆ رێکخستنەوەی بارودۆخیان و بەشداریکردنیان لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی.