وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: نەوتمان نەفرۆشتووە بە ئیسڕائیل

+964

فەهمی نەبی

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە بە تانکەر نەوتی هەرێمی کوردستانی فرۆشتبێتە ئیسڕائیل، هەروەها ئەوە وەکو هەوڵێک بۆ “تێکدانی” رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دەبینێت.

ئەمڕۆ شەممە 11.2.2023، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، راگەیەنراوەکەی لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاوکردووەتەوە.

لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هاتووە  “لەم چەند رۆژەی دواییدا چەند كەسێك لە دەزگا میدیا عێراقییەكانەوە بانگەوازی ئەوە دەكەن گوایە نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی تانكەرەوە بە قاچاغ دەبرێتە دەرەوە و بە وڵاتی ئیسرائیل دەفرۆشرێت. ئێمە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەتوندی ئەم بانگەوازە چەواشەكارییانە رەتدەكەینەوە”.

بەگوێرەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بێت، ئەم هەوڵە بۆ “تێکدانی’ پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدایە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ئەمە لەكاتێكدایە هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانن، ئەم بانگەوازە چەواشەکارییانە تەنیا ئامانج لێی، تێكدانی ئەو هەلە زێڕینەیە كە لەدوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق رەخساوە بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكان”.

لە چەند رۆژی رابردوو، ژمارەیەک ماڵپەڕی هەواڵیی عێراقی هەواڵیان بڵاوکردبووەوە گوایە هەرێمی کوردستان نەوت بە تانکەر دەفرۆشێت بە ئیسرائیل.