کارەبا لە شوێنی نەوت
خواست لەسەر زۆپای نەوت كەم بووەتەوە
ڤیدیۆ
میدیازان – مەریەم ئەحمەد – هەولێر
لەناو بازاڕی هەولێر زیاتر زۆپای کارەبایی فرۆشی هەیە تاوەکو زۆپای نەوتی و غازیی، هۆکارەکەی بۆ گرانی سوتەمەنی دەگەڕێتەوە.
ئێستا کە وردە وردە بەرەو وەرزی سەرما هەنگاو دەنێین، هاوڵاتیان بیر لە گۆڕین یان کڕینی زۆپا دەکەنەوە.
میدیازان چووە ناو بازاڕی گەورەی هەولێر، پرسیاری کرد لە خاوەن فرۆشگاکانی ئامێرەکانی ناوماڵ، ئەوان وتیان، رۆژ رۆژی زۆپای کارەباییە (هیتەری گەرمکردنەوە).
“لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان، خەڵك زیاتر خواستی لەسەر كڕینی زۆپای كارەبایی و غازە، چونکە نەوت گرانە، بەڵام ئێستا غازیش گرانە و زۆرترین فرۆشمان کارەباییە”، سۆران مەغدید، فرۆشیارێکی ناو بازاڕەکە وای وت.
لەبارەی جۆرەکانی زۆپا، سۆران مەغدید وتی، زۆپا نوێیەکان زیاتر دروستکراوی تورکیا و چینن، “بەڵام ئێم بە گەرەنتیەوە دەیفرۆشین”.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە ئێستادا نرخی یەک لیتر نەوتی سپی هەزار و ٢٥٠ دینارە، بۆتڵێک غازی حکومی حەوت هەزار و ٥٠٠ دینارە (لە بازاڕدا بە ١٤ هەزار دینارە)، هەروەها یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدە لە دەوروبەری ١٠ هەزار دیناردایە بۆ مانگێک.
ئەگەر هاوڵاتیان بە بەردەوامی زۆپا بەکاربهێنن، ئەوا زۆپای کارەبایی هەرزانتر دەکەوێت لەسەریان تاوەکو غازیی و نەوتی.