مەیمون لەخۆى نەبوو، خاوەنیشى نەبوو
مەیمونەکەى هەولێر کێبڵى ئینتەرنێت دەبڕێ و گوارە لە گوێى منداڵان دەردەهێنێت
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
ماوەیەکە مەیمونێکى بێ خاوەن، لە گەڕەکى ناوقەسرانى شارى هەولێر بەسەر دارو دیوارى گەڕەکەکە هەر فڕکان فڕکانییەتى و هەرچیش بکەوێتە دەستى دەیبات و ئاڵتونى گوێچکەى منداڵانیش دەبات.
مام غازی یەکێکە لە دانیشتوانی گەرەکەکە بە 964ـى، وت،”مەیمونەکە بێزارى کردوون و زیانى لێداون، کێبڵى ئینتەرنێت و کامێراى بڕیوە و هەر بەسەر دارو دیوارەکانەوەیە”.
یاری ئەجمەدى تەمەن 10 ساڵان کە لە مەیمونەکە ترساوە، بە 964ـى وت،”داوا دەکەم لێرە دوورى بخەنەوە، چونکە جارێک لە قوتابخانە هاتمەوە بۆم هات، منیش رام کرد”.
مەیمونەکە خاوەنى نییە و ماوەى دوو مانگە میوانى ئەو گەڕەکەیە، لەو دیوار دەچێت بۆ ئەو دیوار و خۆى بە کێبڵى کارەبادا شۆڕ دەکاتەوە، ئەم رەفتارانە دانیشتوانى گەڕەکەکەى بێزار کردووە و داوا دەکەن لایببەن.
وەک ئەوەى دانیشتوانى گەڕەکەکە باسى دەکەن، مەیمونەکە عاشقى ئاڵتونە و لەگەڵ خۆى دەیبات.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح