لیژنەکانى چاودێرى بازرگانى سلێمانى پشکنین بۆ خواردەمەنییەک دەکەن
دوکانداران ئاگاداربن
لیژنەکان چاوێکیان کردووە بە چوار چاو
وریا فەتاح
بەدرێژاى رەمەزان دوکانداران پێویستە ئاگاداربن، لیژنەکانى چاودێرى بازرگانى سلێمانى چاوێکیان کردووە بە چوار چاو و شەش لیژنە لە کاتى جیاوازدا، بەسەر دووکان و شوێنەکاندا دەدەن و هەرچى خۆراک و کەلوپەلى خراپبوو بفرۆشێت، سزاى دەدەن.
بەڕێوەبەرایەتى چاودێری بازرگانی سلێمانی بڵاوى کردەوە، لە رێی لیژنەکانیانەوە بەوردی چاودێری بازار و شوێنە گشتییەکان دەکەن و لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا 18 وەسڵی نایاساییان بۆ دووکان و شوێنەکان کردووە و دەستیش بەسەر چەندین ماددەی خۆراکیدا گیراوە.
بە وتەى بڵند ئەحمەد محەمەد، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی، لە رۆژانی مانگی رەمەزان شەش لیژنە بە کاتی جیاواز سەردانی بازار و شوێنە گشتییەکان دەکەن، ئەمەش جگە لەوەی لیژنەیەکیان لەگەڵ لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەردەچن و بەوردی چاودێری نرخ و کوالیتی ئەو شمەک و کاڵایانە دەکات کە لە بازار و شوێنە گشتییەکان دەفرۆشرێن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەماوەی ئەم دوو رۆژەی مانگی رەمەزن 18 وەسڵی نایاسایی کراوە هەروەها دەستیش بەسەر چەندین ماددەی خۆراکیدا گیراوە، و تا کۆتایى مانگى رەمەزانیش بەردەوام دەبن لە چاودێرى بازاڕ و هەر دوکان و شوێنێک شتى خراپبوو و بێ کوالێتى بفرۆشێت، سزاى دەدەن.