10 ساڵە دانەمەزراون
پزیشکانی دەرمانسازی لە سلێمانی گردبوونەوە و داوای دامەزراندن دەکەن
964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
بەهۆی بێبەشبوونیان لە مافی دامەزراندن، ژمارەیەکی زۆر لە پزیشکانی دەرمانسازیی دانەمەزراو، بەیانیی ئەمڕۆ لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی گردبوونەوە و بە تووڕەییەوە داوای چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەکەن.
ئەو پزیشکانەی بەشداری گردبوونەوەکەیان کردووە، دەرچووی ساڵانی جیاوازن، لە دەرچووانی ساڵانی 2015 و 2016ـەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە دەرچووانی ساڵی رابردوو، کە سەرجەمیان تا ئێستا لە چاوەڕوانیی بڕیاری دامەزراندندان.
پزیشکە دەرمانسازەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە دامەزراندن تەنیا بۆ مووچە نییە، بەڵکو وەک خۆیان دەڵێن: “دامەزراندنمان درێژەپێدەری پێشکەوتنی پزیشکیمانە.”
یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی ئەم توێژە ئەوەیە کە بەهۆی دانەمەزراندنیانەوە، رێگرییان لێ دەکرێت درێژە بە خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) بدەن. پزیشکەکان باس لەوە دەکەن کە بەهۆی ئەمەوە “لە قۆناغێکدا وەستاوین و ناتوانین لە رووی زانستی و پیشەییەوە بەرەو پێشەوە بچین.”
نوێنەری دەرمانسازەکان ئاماژەیان بە کێشەیەکی کارگێڕیی کەرتی تەندروستی کرد و رایانگەیاند، ماوەی 10 ساڵە بەردەوام پزیشکانی دەرمانساز خانەنشین دەبن، بەڵام کەرتی تەندروستی هیچ کەسێکی نوێ ناخاتە شوێنەکانیان بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە.
ئەم دانەمەزراندنە کەڵەکەبووە لە کاتێکدایە، بەپێی ئاماری دەرمانسازەکان، ساڵانە لە نێوان 500 بۆ 600 پزیشکی دەرمانسازیی نوێ لە زانکۆکانەوە دەردەچن و راستەوخۆ دەچنە ریزی دانەمەزراوانەوە، بەبێ ئەوەی هیچ پلانێک بۆ سوودوەرگرتن لە تواناکانیان هەبێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح