سامانە سروشتییەکان دەڵێ بێ خەم بن بوتڵەکانتان بێ غاز نابن

“کارکردن لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر کاریگەری لەسەر غازی ماڵان نابێ”

خەمتان نەبێ، کارکردن لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر و کەمبوونەوەی کارەبا کاریگەری لەسەر غازی ماڵان نابێت و بوتڵەکانتان بێ غاز نابن، ئەمە قسەی سامانە سروشتییەکانە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە روونکردنەوەیەکدا هاوڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە لەوەی کە پڕۆسەی چاکسازیی کۆمپانیای داناغاز کە ماوەی مانگێک دەخایەنێت، بەهیچ شێوەیەک کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی غازی ماڵان ناکات.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا بڕی بەرهەمهێنانی غاز 640 ملیۆن پێ سێجایە و لەکاتی چاکسازیی لە کۆمپانیای داناغاز، بڕی بەرهەمهێنانی غاز دەبێتە 520 ملیۆن پێ سێجا، ئەو بڕەش کەمە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر غازی ماڵان نابێت.

پێشتر وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاندبوو کە لە سبەینێوە، 2.10.2026 تا 2.11.2026  کۆمپانیای دانا غاز دەست بە پرۆسەی چاكسازیی لە كێڵگەی كۆرمۆر دەکات، بەوهۆیەشەوە چەند كاتژمێرێك لە ماوەكانی كارەبا كەم دەبێتەوە.