تەنیا دەتوانرێت شتی پێ بکڕیت
بانکی بازرگانی عێراقی TBI راکێشانی پارەی لە دەرەوەی وڵات راگرت
964+
توانا نەقی
بانکی بازرگانی عێراقی TBI راکێشانی پارەی لە دەرەوەی وڵات راگرت، بانکەکە دەڵێت بەهۆی مەترسی خراپ بەکارهێنانی کارتی ئەلیکترۆنیەوەیە ئەو بڕیارەیان داوە.
لە راگەندراوێکدا بانکی TBI ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی ئەو مەترسیانەی کە لە ئەنجامی خراپ بەکارهێنانی کارتی ئەلیکترۆنی (ڤیزا و ماستەرکارد) دروست دەبن وەرگرتنی پارە لە رێگەی ئامێری ATM بە بەکارهێنانی ئەم کارتانە تەنها لە دەرەوەی عێراق راگیراوە.
دەشڵێت، دەتوانرێت کارتەکان بەکاربهێنیت بۆ پارەدان لە رێگەی ئامێرەکانی POS و هەروەها بۆ کڕین لە ماڵپەڕە ئۆنلاینەکانەوە.
واتە بە قسەی بانکەکە بێت دەتوانرێت بە کارتەکەی لەدەرەوەی عێراق شت بکڕیت و بەکاری بهێنیت تەنیا ناتوانرێت پارەی لێوە راکێشرێت.
مەحمود داغر پسپۆڕی ئابووری بۆ 964 لەبارەی ئەو بڕیارەی بانکەکەوە وتی، ئەم لێدوانە بۆ ڕاگرتنی وەرگرتنی پارەی نەختینەیە لەدەرەوەی وڵات، واتە کارتەکە بەتەواوی رانەگراوە ئەگەر بتەوێت لە دوکان و بە ئۆنلاینیش بازاڕ بکەیت و پارەی ئەلیکترۆنی بدەیت، ئەوا کارتەکە کاردەکات، بەڵام دەرهێنانی بڕە پارەی کاش لێی لە دەرەوەی عێراق راگیراوە، چونکە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ئەگەری دەرهێنانی پارە نەختینەکە و گۆڕینی بۆ دۆلار و دواتر بیگەڕێنیتەوە بۆ عێراق کە ئەم کارەش پێشتر کراوە لە رێگەی بانکەکانەوە.