هەموو شتێک لەبارەی بانکی بازرگانی عێراقی

بانکی TBI چوار جۆر قەرزی بۆ فەرمانبەران هەیە

964+

فەهمی نەبی

ئەو بانکە تەمەن 21 ساڵە عێراقیەی ئەمڕۆ بڕیاریدا “تەوتین”ی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بکات، چوار لقی لە هەرێم هەیە و چوار جۆر قەرزیشی هەیە بۆ فەرمانبەرانی حکومەت.

بانکی بازرگانی عێراقی 28 لقی لە بەشێکی زۆری پارێزگاکانی عێراق هەیە، لە هەرێمی کوردستان چوار لقی هەن، لە هەولێر دوو لقی هەیە، لقی سەرەکی لەگەڕەکی وەزیران بەرامبەر پارکی هەولێر و لقی دووەمی لە ماجدی مۆڵە، لە سلێمانی یەک لقیان هەیە و ئەویش لە گەڕەکی چوارباخە، لە دهۆکیش بەهەمان شێوە یەک لقیان هەیە لە شەقامی بارزانە نزیک تەلەفریک.

بەگوێرەی زانیاری بڵاوکراوەی سەر ماڵپەڕی سەرەکی بانکی بازرگانی عێراق، بانکەکە چوار جۆر قەرز دەداتە فەرمانبەرانی حکومەت بەمجۆرەیە:

قەرزی یەک ملیۆن تا پێنج ملیۆن دیناری دەداتە فەرمانبەران بۆماوەی شەش ساڵ و بە رێژەی قازانجی %5 ئەم جۆری قەرزە ئەگەر فەرمانبەری هەمیشەیی بێت کەفیلی ناوێت.

قەرزی 15 بۆ 30 ملیۆن دینار بۆ ماوەی شەش ساڵ و بە رێژەی قازانجی %5 پێویستی بە کەفالەی کەسی هەیە هاوکات گرێبەستیش واژۆ دەکەی.

قەرزی 30 بۆ 50 ملیۆن دیناری، بۆ ماوەی هەشت ساڵ لە فەرمانبەر وەردەگیرێتەوە بە رێژەی قازانجی %5 پێویستی بە کەفالە هەیە و گرێبەستێکیش واژۆ دەکەیت.

قەرزی 50 تا 100 ملیۆن دیناری، بۆماوەی 10 ساڵ لە فەرمانبەران وەردەگیرێتەوە، بە رێژەی قازانجی %5 و پێویستی بە دانانی تاپۆی خانوو هەیە، جگە لەوە کەفالەی کەسی و واژۆکردنی گرێبەست.

مێژووی بانکی بازرگانی عێراقی TBI 

بانکی بازرگانی عێراقی TBI لە 17ی تەمموزی 2003 لە بەغدا دامەرزراوە، واتا زیاتر لە سێ مانگ بەسەر رووخانی رژێمی سەدام تێپەڕی بوو، دامەزراندنی بانکەکە کارئاسانی بوو بۆ گواستنەوەی پارە لە دەرەوەی عێراق بۆ ناوخۆ و بە پێچەوانەوە دەکرد.

بانکی بازرگانی دوای ئەوەی مۆڵەتی لە بانکی ناوەندی وەرگرت، مانگێک دواتر وەک بانکێکی حکومی سەربەخۆ دەستیبەکارکردووە، لەگەڵ دەستپێکی سەرمایەی خەرجکراوی بانکەکە پێنج ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بووە، هاوکات سەرمایەی رێگەپێدراوی 100 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام ساڵی 2020 سەرمایەی خەرجکراوی بانکەکە گەیشتە سێ ملیار دۆلار، ساڵی 2016 قازانجی ساڵانەی بانکەکە گەیشتە 454 ملیۆن دۆلار.

سەرۆکی ئێستای بانکەکە بە وەکالەت، سەید بیلال سەباح حسێنە، نوێنەرانی هەریەکە لە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی نەوت و بازرگانی لە ئەنجومەنی بانکەکە ئەندامن.

وەزارەتی دارایی ناوی بانکی TBI بۆ لیستی

وەزارەتی دارایی ناوی بانکی TBI بۆ لیستی "هەژماری من" زیاد کرد