وێستگەیەكی كارەبا لە عێراق
كێشە بۆ كارەبا دروست دەبێت
ئەمریكا رێگەنادات چیتر غازی ئێران بگاتە عێراق
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەو رێگەپێدانەی ئەمریکا بە وەزارەتی کارەبای عێراق داوە بۆ هاوردەکردنی غازی ئێرانی بۆ دابینكردنی كارەبا، لە 8ی ئاداری داهاتوو “دوای نزیکەی 10 رۆژ)ی دیكە کۆتایی دێت، هەروەها هەناردەی غازی ئێران ئێستا بۆ بەغدا و ناوچەی ناوەڕاست وەستاوە، بەم هۆیەوە 8 هەزار مێگاوات كارەبا كەمبووەتەوە.
وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە، هیچ ئاگادارییەکی ئەمریکایان بۆ راگرتنی هاوردەکردنی غازی ئێرانی پێنەگەیشتووە، بۆیە تا ئێستاش غازەكە دەگاتە وێستگەکانی ناوچەی باشووری عێراق، بە پشتبەستن بەو رێگەپێدانەی ئێستا حکومەت هەوڵ دەدات رێگەپێدانێكی دیكە لە ئەمریكا وەربگرێت.
وەزارەتی كارەبای عێراق رایگەیاندووە، ئەگەر رێگەپێدانەكە بۆ هاوردەی غازی ئێران نەمێنێت، رەنگە پلانێكیان هەبێت.
وەزارەتەكە لە راگەیاندراوێكدا دەڵێت، “سەبارەت بەو بەشەی پەیوەستە بە ئەرکەکانی وەزارەتی کارەباوە، ئێمە ئامادەین بۆ وەرزی هاوین، دەستمان کردووە بە ئامادەکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنان و کەرتەکانی گواستنەوە بۆ دەردانی وزەی بەرهەمهێنراو کاردەکەین بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی غاز، پێشوەختە و بەبێ گوێدانە بڕیاری ئەمریکی، هەروەها بەشەکەی خۆمان لە وەزارەتدا تەواو کردووە سەبارەت بە گرێبەستی هاوردەکردنی غاز لە تورکمانستان”.
جگە لە پلانەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق بە دابینكردنی غازی شل و پێدانی بە هەندێك وێستگە، كە 3500 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنن، هەروەها عێراق 600 مێگاوات لە توركیا و 150 مێگاوات ئوردنەوە دەكڕێت.
بەشێکی دیكەی ئەو چارەسەرانەی کە پێشنیارکراون بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر سیستمی كارەبای نیشتمانیی، بریتییە لە گواستنەوە بەرەو وزەی خۆر لە رێگەی ئاسانکاری قەرزدان بۆ هاوڵاتیان لە رێگەی بانکی ناوەندییەوە، بۆ کڕینی سیستمی وزەی خۆر، ئەمە جگە لەوەی پلانی گۆڕینی زیاتر لە 500 بینای حکومی بەرەو وزەی بەدیل دانراوە.
بەهۆی سزاكانی سەرییەوە، ئەمریكا رێگەنادات چیتر عێراق غاز لە ئێران بكڕێت، لە ماوەی رابردووش كە رێگەی پێداوە، لە پێناو یارمەتیدانی عێراق بووە بۆ دابینكردنی كارەبا بۆ هاوڵاتیان.