"کۆنەکار بووە و پێشتریش ئەو فێعلەی کردووە"
لە هەولێر کەسێک بە 25 ملیۆن دیناری ساختەوە گیرا
964+
شۆڕش قادری
لە هەولێر کەسێک 25 ملیۆن دیناری ساختەی پێوەگیرا، تۆمەتبار کۆنەکار بووە و پێشتریش ئەو فێعلەی کردووە، پارەکانیشی لە دەرەوی هەرێم هێناوە.
موقەدەم ئەردەڵان وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بە 964ـی وت، “لە لایەن تیمەکانمانەوە و بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش تۆمەتبارێک بەناوی (م، ک، م ) دەستگیر کرا، کە بڕی 25 ملیۆن دیناری ساختەی عێراقی پێبووە لە جۆری 25 هەزاری”.
“ئەو تۆمەتبارە کوردە و خەڵکی هەولێرە، پارەکەشی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە هێناوە و بەنیازبووە لەناو بازاڕ ساغی بکاتەوە”، موقەدەم ئەردەڵان وای وت.
باسی لەوەشکرد، تۆمەتبارەکە فریا نەکەوتووە ئەو پارەیە لەناو بازاڕ ساغ بکاتەوە، ئاسایش پێیزانیوە و دەستگیری کردووە.
وتەبێژی ئاسایشی هەولێر ئاشکراشیکرد، تۆمەتبارەکە چەند جارێکی تر بەهەمان شێوە دراوی ساختەی لابوە و لە شارەکانی خواروی عێراق ئەم دراوە ساختانەی ساغ کردووەتەوە.