دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران - وێنە: 964
تادێت مەرزەکە قەرەباڵغتر دەبێت
نزیکەی یەک ملیۆن گەشتیار لە مەرزی حاجی ئۆمەرانەوە هاتوچۆیان کردووە
شۆڕش قادری
لە 11 مانگدا نزیکەی یەک ملیۆن گەشتیار لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە هاتوچۆیان کردووە و ئامارەکە رووی لەزیادبوونە.
ئەرسەلان شوکری بەڕێوەبەری رێگاوبانی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی ئیرنای راگەیاندووە، “لە 21.3.2024 تائێستا سێ ملیۆن و 800 هەزار گەشتیار لە مەرزەکانی ورمێـوە هاتوچۆیان کردووە و لەو ژمارەیەش 982 هەزار و 971 کەسیان لەڕێی دەروازەی نێودەوڵەتی تەمەرچینـەوە (حاجی ئۆمەران) هاتوون و چوون”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هاتوچۆی گەشتیار لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی پێشووتر بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە 25 کیلۆمەتری قەزای چۆمان و 11 کیلۆمەتری شاری پیرانشار لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە و بە یەکێک لە دەروازە بازرگانییە سەرەکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لەقەڵەم دەدرێت.