لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە

65 گەشتیار لە ناو بەفری پرژێ رزگار کران

964+

ئاکام غەفور – سۆران

لە ناوچەی پرژەی باڵەکایەتی سەربە قەزای چۆمان، ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل و گەشتیار لە ناو بەفر گیریان خواردبوو، لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی سۆران رزگار کران.

کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بە 964ـی وت، لە دوای ئاگادار کردنەوەمان لەوەی ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل لە پرژە لە ناو بەفر گیریان خواردوە، بە هەشت تیم دەرچووین بۆ شوێنی رووداوەکە.

وتیشی، لە دوای چەند کاتژمێرێک کارکردن، توانرا 65 گەشتیار و زیاتر لە 30 ئۆتۆمبێل رزگار بکەین، تاوەکو گەیندرانە ناوچەی سەلامەت لەگەڵیان بووین.

وەک بەرگری شارستانی باسی دەکات، ئەو گەشتیارانە خەڵکی وڵاتی ئوردن و ناوچەکانی خواری عێراق و شارەکانی هەولێر و کەرکوک و سلێمانی بوون، بەشێکیان خێزان بوون و ژن و منداڵیشی تێدا بووە.

پرژە یەکێکە لە ناوچە گەشتیاریەکانی باڵەکایەتی، بەهۆی ئەوەی بەفرێکی باشی لێ دەبارێت خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکات و زوو زووش گەشتیاران لەوێ گیر دەخۆن بەهۆی بەفر و بەستەڵەکەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

لە بە‌غداوە هاتن و لەناو بەفری چۆمان گیریانخوارد

لە بە‌غداوە هاتن و لەناو بەفری چۆمان گیریانخوارد