هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش پێزانینمان هەیە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات

+964

فەرمان سادق

هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش، پێزانینی بۆ لایەنە بەشدارەکانی حکومەتی هەرێم هەیە لە هەماهەنگیان لە پرسی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە. بەڵام جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان پێیوایە نەبوونی متمانە و مانەوەی لێکەوتەکانی شەڕی ناوخۆ، هێشتا دوو دیارترین بەربەستن.

کەمێک پێش ئێستا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە تویتێکدا کە بە زمانی ئینگیلزی و عەرەبی بڵاوی کردەوە، پێزانینی بۆ هەموو لایەنە بەشدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە کە هەماهەنگییان کردووە لە پشتگیری هەنگاوەکانی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە و جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکگەیشتنی نێوان ئەمەریکا و وەزارەتی پێشمەرگە لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.

لە بەشێکی تویتەکەیدا، هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی شانازی ده‌كات کە هاوبەشی پێشمەرگەیە و پابەندی‌ بەردەوامی خۆیشی دووپات دەکاتەوە لە راوێژ و هاوکارییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ لەناوبردنی داعش.

پێوەند بەو پرسە، عوسمان کەریم سوارە، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی964ـی وت، پێشووتریش چەندجارێک لەگەڵ لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر هەمان پرس کۆبووینەتەوە، لە ئێستاشدا هەنگاوی باش چووەتە پێشەوە، هەردوو هێزی پشتیوانی یەک و دوو، خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

زیاتر وتی “کاری زۆر کراوە، بەڵام ناکۆکییەکانی ئەمدواییەی نێوان پارتی و یەکێتی هەنگاوەکانی راگرتووە”.

لەبارەی دیارترین بەربەستی بەردەم یەکنەخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، نەبوونی متمانە و مانەوەی لێکەوتەکانی شەڕی ناوخۆ، بە دوو دیارترین بەربەست دەزانێت.