بوومەلەرزە بازاڕی شوقە لە کوردستان سڕکرد

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

شارەزایانی سێکتەری عەقارات پێیانوایە بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان نرخی شوقە بە شێوەی کاتی دادەبەزێنێت و خواستیش لەسەری کەمتر دەکاتەوە.

دوای رووداوی بوومەلەرزەکانی دوێنێ کە تا ئێستا بووەتە هۆی گیان لەدەستەدانی زیاتر لە پێنج هەزار کەس و برینداربوونی زیاتر لە بیست هەزاری تر، قسەوباس لەسەر باڵەخانە و یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە.

بەختیار حاجی تەها، خاوەنی عەقاراتی برایت زۆن لە شاری هەولێر بە تۆڕی964ی راگەیاند: ئەو بوومەلەرزانە کاریگەری دەخەنەسەر دابەزینی نرخی شوقە و بازاڕ دەوەستێنێت، بەڵام بە شێوەیەکی کاتی دەبێت و بارودۆخەکە دوای چەند هەفتەیەک ئاسایی دەبێتەوە.

کاریگەری بوومەلەرزەکان بەپلەی رێختەری جیاواز گەیشتنە کوردستان و ئەوەش وایکرد دانیشتووانی بەشێک لە پڕۆژەکان و باڵەخانەکان ماڵەکانیان چۆڵبکەن.

رەنج شێخە، خاوەن عەقاراتی سیمپڵ دیڵ لە شاری سلێمانی بۆ تۆڕی964ی ئاشکرایکرد، هێشتا بوومەلەرزە لە هەرێمی کوردستانی نەداوە و بەپێی قسە پسپۆڕانیش ئێمە لەسەر هێڵی سەلامەتین “بۆیە پێم وانییە نرخی شوقە زۆر نزم ببێتەوە و ئەگەر رووشبدات ئەوا زۆر کاتی دەبێت.