لە بودجەى ساڵى نوێ
هەرێم داوای دامەزراندنی فەرمانبەران و وەرگرتنەوەی مووچە فەوتاوەکان لە بەغدا دەکات
964+
وریا فەتاح
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکان بۆ دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ی حکومەتی فیدراڵ دەستپێکرد، کە تێیدا جەخت لەسەر دامەزراندنی میلاکی نوێ و گەڕاندنەوەی مووچە دەستبەسەرداگیراوەکانی ساڵانی رابردوو دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە2.8.2026، بەسەرپەرشتی وەزیری دارایی و ئابووری و ئامادەبوونی وەزیری پلاندانان، وەزیری کارەبا، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانە تاوتوێکران:
دامەزراندنى میلاکی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق.
داواکردن و خەمڵاندنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆران کە لە ساڵانی قەیرانی داراییەوە خەرج نەکراون.
دیاریکردنی مافەکان لەسەر بنەمای دەستوور، یاسا، و دواین داتاکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان.
وەک ئەوەى وەزارەتى دارایى لە راگەیەندراوەکەیدا باسى کردووە، لە رۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم دەکرێت بۆ ئامادەکردنی خەمڵاندنی تەواوی خەرجییەکانی بەکارخستن، وەبەرهێنان و مووچە.