لە چواری بەیانییەوە لە سەرەدا بوون

لەسەر نەمانی بەنزین گرژی و ئاڵۆزی لە بەنزینخانەیەکی کۆیە دروست بوو

دەریا ئەحمەد – کۆیە

سەرەی بەنزین وای لێهاتووە ئیتر ئەوەی نەما بە هێمنی و ئارامی بەنزین وەرگری کار گەیشتووەتە ئەوەی کە بەهۆی نەمانی بەنزینەوە لە بەنزینخانەکان گرژی و گردبوونەوە دروست بووە و لە کۆیە ناڕەزایی و هاواری شۆفێران ئیتر گەیشتووەتە ئەوپەڕی.

هەر بە بۆنەی نەمانی بەنزینەوە گرژی زۆر دروست بوو لەنێوان شۆفێران و خاوەن بەنزینخانە و هێزە ئەمنیەکان لە نێوانیان بوون.

بەندی لوقمان یەکێکە لە شۆفێرەکان و بە 964ـی وت، ئیدارەی ئەم شارە نەتوانێت بەنزینخانەیەک بەڕێوەببات چۆن شارێک بەڕێوە دەبات، وتیشی، لە کاتژمێر چواری بەیانییەوە لەسەرەدان و کەچی دوای نیوەڕۆ دەلێن بەنزین نەماوە ئاخر ئەمە لە کوێی دنیا شتی وا بووە بە 7 کاتژمێر تۆ بەنزینت بەرنەکەوێت.

هەژار ئەکرەم خاوەنی بەنزینخانەکە بە 964ـی وت، ئەو شۆفێرانەی گلەییان هەیە با بێن سەیری کامێراکان بکەنەوە بزانن لەبەیانیەوە چەند ئۆتۆمبێل بەنزینی وەرگرتووە.

وتیشی، بەهۆی ئەوەی لە سنووری کۆیە و تەقتەق تەنیا لای ئێمە بەنزین هەبووە هەموو فشارەکە لەسەر ئێمەیە و لەسەرجەم شوێنەکانی دەرەوەی کۆیەش شۆفێران دێن لێرە بەنزین وەردەگرن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی