شۆفێرێک

دارێکی شکاند و بە 25 نەمام قەرەبووى کردەوە

+964

ئاکام غەفور-سۆران

لە باتاس شۆفێرێک توشی روداوی هاتووچۆ دەبێت و دارێک دەشکێنێت، بەڵام چاوى خۆى لێداناخات و لە جیاتى ئەوە بە چاندنى 25 نەمام، قەرەبووى دەکاتەوە.

رووداوەکە بەو شێوەیە بووە، شۆفێرێک لە باتاس تووشى رووداوى هاتوچۆ دەبێت و خۆى بە دارێکى تەمەن پێنج ساڵدا دەکێشێت و دەیشکێنێت، بەڵام دواى چەند رۆژێک بەسەر رووداوەکەدا شۆفێرەکە بە 25 نەمامەوە دەچێتە باتاس دەیەوێت قەرەبووى ئەو دارە بکاتەوە کە شکاندویەتى.

نەجمەدین باتاسی، ژینگە دۆستێکی باتاسە، بۆ 964 وتی،”زۆر دڵخۆش بووین بەم هەڵوێستەی شۆفێرەکە، هیوادارین ئەو خەمخۆری و هەستکردن بە بەرپرسیارەتی بەرامبەر بە ژینگە ببێتە نەریتێک لە ناو شۆفێران”.

“ئێمە سەرقاڵى بەدواداچوون بووین بۆ ئەوەى بزانین ئەم دارە چۆن شکاوە، بەڵام شۆفێرەکە خۆى پەیوەندى کردووە کە 25 نەمامى هێناوە و قەرەبووى ئەو دارە دەکاتەوە”، نەجمەدین باتاسى واى وت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح