زانیاری بەکارهێنەرانی ئاشکرا کردووە
پلاتفۆڕمی لینکدن درایە دادگا
964+
رێبین هۆشیار
ماڵپەڕی فێرست پۆست راپۆرتێکی بڵاوکردووەتە کە تیادا ئاماژە بەوە دەکات، لە دادگای فیدڕاڵی کالیفۆڕنیا سکاڵا دژی پلاتفۆڕمی لینکدن تۆمار کراوە بەهۆی پێدان یان ئاشکراکردنی زانیاری تایبەتی بەکارهێنەرانی پلاتفۆرمەکە بۆ کۆمپانیاکانی پەرەپێدان.
لە سکاڵاکەدا هاتووە، پلاتفۆڕمی لینکدن زانیاری تایبەت و نهێنی بەکارهێنەری ئاشکراکردووە.
لە سکاڵاکەدا، لینکدن بەوە تۆمەتبار کراوە کە بە نهێنی دەقی یاسای پاراستنی زانیارییەکانی (privacy policy) بەکارهێنەری نوێکردووەتەوە (ئەپدەیت کردووە)، لە نوێکردنەوەکەش لینکدن دەتوانێت زانیاری و داتای بەکارهينەر بەکاربهێنێت، تەنانەت دەتوانێت نامە تایبەتییەکانی بەکارهێنەر بەکاربهێنێت.
ئەم سکاڵایە لەلایەن کڕیارە تایبەتەکانی لینکدنەوە تۆمار کراوە، ئاماژەیان بەوەداوە لینکدن گۆڕانکاری لە privacy settings لینکدن کردووە لە مانگی 8ی 2024 کە تیادا بە بەکارهێنەر دەڵێت، دەتوانیت رێگە بدەیت زانیارییەکانت هاوبەشی پێبکرێت یاخود هاوبەشی پێنەکرێت.
دووبارە لینکدن ئەپدەیتی (privacy policy) کردووە لە مانگی 9 و دەڵێت دەکرێ داتا و زانیاری کەسی بەکاربهێنرێ بۆ مەشقپێکردنی زیرەکی دەستکرد، هەروەها بڕگەیەکی زیادکردووە کە دەڵێت، ناتوانرێت رێگری بکرێ لە راگرتنی ئەو زانیاریانەی کە پێشوەختە بردراون بۆ مەشقپێکردنی زیرەکی دەستکرد.
بەکارهێنەران دەڵێن ئەپدەیتی دووەم بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو هەڵەیە بووە کە لە ئەپدەیتی یەکەم کردوویانە.
لینکدن نکۆڵی لە هەموو ئەو تۆمەتانە دەکات کە دراونەتە پاڵێ و بە هەواڵی ناراست و بێ بنەما وەسفیان دەکات، دوپاتیشیکردووەتەوە کە بەشێوەیەکی شەفاف یاساکانیان پەیڕەو کردووە بۆ پاراستنی داتا و زانیاری بەکارهێنەر.
خاوەنی پلاتفۆڕمی لینکدن کە مایکرۆسۆفتە، تائێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر بابەتەکە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا تیمی پارێزەرانی لینکدن دەبێ لە دادگا ئامادەبن بۆ بەرگریکردن لە پلاتفۆڕمەکە.