لەرووى ئابوورییەوە گورزێکى گەورەیە
ئەمریکا ژمارەیەک سزاى نوێى بەسەر ئێراندا سەپاند
964+
وریا فەتاح
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پاکێجێکی گەورە و نوێی سزاکانی بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاند و رایگەیاند، بەبێ وەستان بەردەوام دەبن لە “خنکاندنی” فرۆشتنی نەوتی ئەو وڵاتە، هاوکات داوا لە ئەوروپاش دەکات لقی بانکەکانی ئێران دابخەن.
کەمێک پێش ئێستا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا وردەکاریی سزاکانی ئاشکرا کرد، کە گورزێکی قورسە لە سەرچاوە داراییەکانی ئێران، بەپێی راگەیەندراوەکە سزاکان ئەمانە دەگرنەوە:
یەکەم: سەپاندنی سزا بەسەر 12 کەس، 29 قەوارە (کۆمپانیا و دامەزراوە) و 19 کەشتی کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە.
دووەم: بلۆککردن و سڕکردنی زیاتر لە نیو ملیار دۆلار لە دراوی ئەلکترۆنی (کریپتۆ) کە پەیوەست بوون بە ئێرانەوە.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاشکراى کردووە، لە ماوەی رابردوودا توانیویانە رێگری بکەن لەوەی ئێران دەستی بە ملیاران دۆلاری داهاتی فرۆشتنی نەوت بگات.
جەختیشی کردەوە: “بەبێ وەستان و بە توندی بەردەوام دەبین لە خنکاندنی ئەو کەشتی و کۆمپانیا نێوەندگیرانەی کە نەوتی ئێران دەفرۆشن.”
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا پەیامێکی ئاراستەی ئەوروپا کرد و وتویەتى، “پێشبینی دەکەم هاوبەشە ئەوروپییەکانمان پشتیوانی لەم سزایانە بکەن بۆ سەر ئێران، ئەویش لەڕێگەی دروستکردنی ئاستەنگ بۆ دابینکارانی دارایی ئێران، داخستنی لقی بانکەکانیان و ئاشکراکردنی ئەو کۆمپانیایانەی کە وەک رووپۆش بۆ ئێران کاردەکەن.”