شیاوی خواردن نەبوو

لە هەڵەبجە زیاتر لە سێ تەن بیبەر دەستیبەسەرداگیرا

ژێوار خدر

لە هەڵەبجە دەستگیرا بەسەر بارێک بیبەری خراپبوودا و بڕیارە بینێرنەوە بۆ ئەو شوێنەی لێوەی هاتووە.

بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجە ئەمڕۆ پێنجشەممە 23.1.2025 رایگەیاند، هۆبەی کەرەنتینەی مەرزی تەوێڵە و شوشمێ، دەستیگرتووە بەسەر  سێ تون و 370  کیلۆ بیبەری خراپبوودا، کە شیاوى خواردن نەبووە.

دەشڵێت، بیبەرەکە لە وڵاتی ئێرانەوە هاتبوو و بڕیاردرا بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەوێ.

کەم رۆژ هەیە لە مەرزەکەوە دەست بەسەر خواردن و کەلوپەلى بەسەرچوودا نەگیرێت، دوێنێ چوارشەممەش بڕى 875 کیلۆگرام زەڕاتى خراپبوو کە شیاوى خواردن نەبوو دەستى بەسەرداگیراو نێردرایەوە بۆ ئێران.