"زیاتر لە 50 هەزار سەربازمان ئامادەن"
سێنتکۆم: لەو هێزانەمان دا کە دوو سەربازیان لە ئوردن لێ کوشتین
شۆڕش قادری
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر ئەو هێزانەی کە دوو سەربازیان لە ئوردن لێ کوشتن.
سێنتکۆم لە دوایین راگەیەنراوی خۆیدا دەڵێت، شەوی رابردوو گەڕێکی دیکەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کۆتایی هاتووە و بۆ هەشتەمین شەوی یەک لەسەریەک هێزەکانیان دامەزراوەی چاودێریی کەناراوەکان، بەرگریی ئاسمانیی کۆماری ئیسلامی، توانا دەریاییەکان و كۆگاكانی هەڵگرتنی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردووەتە ئامانج.
دووپاتیشیکردووەتەوە، ئامانجی ئەو ھێرشانە درێژەدان بە لاوازکردنی توانا سەربازییەکانی ئێران بووە.
سێنتکۆم راشیگەیاندووە، هێزەکانی ئەمریكا ئەو ھێزانەی سوپای پاسدارانیشیان کردووەتە ئامانج کە 17ـی ئەم مانگە هێرشیان کردە سەر سەربازانی ئەمریکا لە ئوردن و بەھۆیەوە دوو سەربازی ئەمریكی كوژران.
هەر لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چالاکی دەکەن و لە ئاستێکی بەرزی وریایی و ئامادەیی ئۆپەراسیۆندان.