بەفرەکەیان راماڵى

رێگاى زینى وەرتێ کرایەوە

964+

وریا فەتاح

دواى ئەوەى شەوى رابردوو، بەفرێکى زۆر لە زینى وەرتێ بارى، بەهۆیەوە رێگاى هاتوچۆکردن پەکى کەوت، بەڵام کەمێک لەمەوبەر بەفرەکەیان راماڵى و هاتوچۆ ئاسایى بووەوە.

لە شەوى رابردوو کاتژمێر 12:00ـەوە تا کاتژمێر 12:00ـى نیوەڕۆى ئەمڕۆ، هاتوچۆکردن لە زینى وەرتێ پەکى کەوتبوو.

شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەرى ناحیەى وەرتێ بە 964ـى وت،”دواى ئەوەى لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى چاککردنەوە و پاراستنى رێگاوبانى سۆران بەفرەکە راماڵرا، هاتوچۆکردن لە رێگاى زینى وەرتێ دەستى پێکردووەتەوە”.

وەک باسى دەکات، پێنج بۆ 10 سانتیمەتر بەفر باریبوو، بەڵام بەهۆى ئەوەى رێگاى زینى وەرتێ لۆفاوییە و بەرزە، لەو کاتانەدا مەترسى لەسەر دروست دەبێت.

وەک ئەوەى بەڕێوەبەرى ناحیەى وەرتێ باسى دەکات، نەبوونى ئامێرى پێویست بۆ راماڵینى بەفر و نەبوونى مەرجى سەلامەتى تەواوەتى لە لۆفەکانى زینى وەرتێ، بە تایبەت راگرى لێوارى جادەکە، مەترسى بەردەوام بۆ شۆفێران دروست دەکات کە لەو کاتانەدا لەوێوە هاتوچۆ دەکەن، بۆیە وەک دەڵێت، پێویستە بە وریاییەوە لێخوڕین بکەن.

زینى وەرتێ رێگایەک یەکسایدى لۆفاولۆفى شاخاوییە، ئیدارەى راپەڕین و سۆران بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لە وەرزى زستاندا ناوە ناوە بەهۆى بەفربارینەوە دادەخرێت