مەسرور بارزانی:
“رەفتارێكی ستەمكارانە لە بەغداوە دژی خەڵكی كوردستان دەكرێ”
964+
شۆڕش قادری
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوای یەکڕیزی و یەکدەنگی لایەنە سیاسییەکان دەکات و دەڵێت، رەفتارێكی ستەمكارانە لە بەغداوە دژی خەڵكی كوردستان دەكرێ”.
بەپێی راگەیەنراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، “لە دەستپێکی كۆبوونەوەی نائاسایی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە پرسی مووچە و ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت راگەیاندووە، “ڕەفتارێكی ستەمكارانە لە بەغداوە دژی خەڵكی كوردستان دەكرێ، دەبێت خەڵكی كوردستان لەم دۆخە ناخۆشە دەروونییە ڕزگار بكرێن.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، “دەبێ پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق ڕاست بكرێتەوە، ئێمە داوای مافە دەستوورییەكانمان لە بەغدا دەكەین، خەڵكی كوردستان شایەنی ئەو ستەم و نادادپەروەرییە نییە كە لە دژی دەكرێ”.
بەقسەی مەسرور بارزانی، “هەر كاتێك دادگای فیدڕڵی بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان دابێت، بەربەستی بۆ دروست كراوە”.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوایشی کردووە، بەرامبەر بەغدا، یەكڕیز و یەكدەنگ بن، راشیگەیاندووە، “رەفتاری بەغدا بەرانبەر هەرێمی كوردستان قبووڵكراو نییە”.
کاتژمێر 10ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 11.1.2025 کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەگەڵ سەرۆكی فراكیسۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق و نوێنەرانی كورد لە هەولێر دەستیپێکرد، بەڵام هەر شەوی رابردوو نوێنەرانی هەردوو لایەنی یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەری بە میدیاكانی خۆیان راگەیاند، بەشداریی كۆبوونەوەكە ناكەن و بایكۆتیان كردووە.