گوێزەکانی هەورامان حاڵیان خراپە
میدیازان- كوردستان ئەحمەد- هەولێر
ڤیدیۆ
بۆ حەوت ساڵ دەچێ لاڕەشە گورزی لەگوێزەکانی هەورامان وەشاندووەو هەموو ساڵێک کۆمەڵێکی زۆر لەو دارانە وشک دەبن.
لە هەورامان جیاواز لە ناوچەكانی دیكەی كوردستان باخ و ڕەزەكان بە جیاواز دەپێورێن، هەر دارگوێزێك ژمارەی تایبەتی وفایلی تایبەتی هەیە ،لەبەر ئەوەی گوێزی هەورامان تایبەتمەندیەكی جیاوازی هەیە و نرخێكی جیاوازیشی هەیە.
لەهەندێ شوێن باس لەوە دەکەن نزیک بە ٣٠% دارگوێزەکانی تەوێڵەو بیارە وشک بوون، بەڵام هەندێ سەرچاوە ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر دەبینن.
ئومێد ئەحمەد بەڕێوبەری كشتوكاڵی بیارە بە میدیازانی وت ‘لە تەوێڵە و بیارە (٩٢ ) هەزار دارگوێزیان هەیە، بەڵام بەهۆی نەخۆشییەكی تایبەتییەوە كەپێی دەڵێن لارەشە لە ٪٢٠ی دارگوێزەكان زیانی گەورەیان پێگەیشتووە و زۆربەیان وشك بوون’.
نەخۆشی لارەشەی دارگوێز نەخۆشیەكی بەكتریای و كەڕووییە، كە لەرێگەی سیتمی ئاودێرییەوە بڵاو دەبێتەوە ، بەكتریاكە خۆی دەئاڵێنێتە رەگی دار گوێزەكە و لە ماوەی سێ مانگدا سیتمی شادەمار و هێڵە گشتییەكانی دارگوێزەکە داگیردەكات و وشکی دەکات، ئەم نەخۆشییە تایبەتە بە داری گوێز بەڵام بەڕێژەی لە ٪١٠ زیان بە دارەكانی دیكەش دەگەیەنێت.
ئومێد ئەحمەد باسی لەوە کرد کە دارەکان هەندێکیان بەهۆی کەمئاوییەوە لەناوچوون، وتیشی ‘دەرمانی پێویستمان دابین کردووە، بەڵام خاوەن باخەکان خۆیان نایەن بیبەن’.
حەوت ساڵە باخەكانی هەورامان بەدەست ئەم بەكتریایەوە دەناڵێنێت،نەیانتوانیوە چارەسەری بكەن، لەگەڵ ئەوەی لە هەموو باخەكانی هەورامان بڵاو بوەتەوە، پشكی شێری بەكتریاكە بەر تەوێڵە و بەڵخە کەوتووە.
نەخۆشیەكە چارەسەر نەكراوە،چونكە بە ئاسانی ناتوانرێت شیكاری بۆ بەكرتیا و كەڕووی نەخۆشیەكە بكرێت، هەرچەندە چەندین تیم لێكۆڵینەوەیان كردووە، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبووە.