خامنەیی لێبوردنی گشتی دەرکرد

964+

توانا نەقی

عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، پێشنیارێکی دەسەڵاتی دادوەری وڵاتەکەی قبوڵ کرد دەربارەی لێخۆشبونی ئەو کەسانەی لەسەر خۆپێشاندانەکانی ئێران دەستگیرکرابوون.

ئاژانسی فەرمی ئێرنا ئەمڕۆ پێنجی شوبات بڵاویکردوە، لەسەر پێشنیازی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بە بۆنەی 44ـهەمین ساڵیادی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، رێبەری باڵای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری لێخۆشبوونی دەرکردووە بۆ زۆربەی بەندکراوانی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران.

لە بڕیارەکەدا ئەوەش هاتووە، کە ئەوکەسانە دۆسییەی لێکۆڵینەوەکانیان بە هەر ئاستێک گەشتبێت رادەگیرێت.

دەسەڵاتی دادوەری ئێران دەڵێت: زۆرینەی ئەوانەی دەستگیرکراون کەوتوونەتە ژێر کاریگەری پەیامی نەیارانی ئێران، بۆیە ئێستا پەشیمان بوونەتەوە لە هەڵوێستەکانیان و لەوەی کردوویانە لەسەر ئەو بنەمایە داوای لێخۆشبوونیان بۆ دەکات.

باسی لەوەشکردووە، بڕیارەکە ئەوکەسانە ناگرێتەوە، کە تێوەگلاون بە سیخوڕی کردن بۆ وڵاتانی دەرەوە و تۆمەتبارن بە کوشتن و بریندارکردنی هێزە ئەمنییەکان.

هەروەها لە بڕیارەکە هاتووە، ئەو پیاوانەی تەمەنیان لە سەرووی 70 ساڵییەوەیە و ژنانیش لە سەرووی 60 ساڵییەوە، هەروەها ئەو کەسانەی کە باری داراییان خراپە و ئەو ژنانەشی کە منداڵی کۆرپەیان هەیە لێخۆشبوون دەیانگرێتەوە.

لە رۆژی 13ی ئەیلولی 2022 ژینا ئەمینی، کچە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن پۆلیسی ئەخلاق لە تاران دەستگیرکرا، دواتر لە زیندان گیانی لەدەستدا، لەو کاتەوە خۆپێشاندان و نارەزایەتییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە.