دیمەنی هاتوچۆی چەند بارهەڵگرێک لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران - وێنە: ماڵپەڕی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران
رۆژانە چەند گەشتیار هاتوچۆیان کردووە؟
ئەمساڵ یەک ملیۆن و 400 هەزار تۆن کاڵا لە حاجی ئۆمەرانەوە هاوردە کراوە
964+
شۆڕش قادری
داهات و جوڵەی بازرگانی لە مەرزەکانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان لە زیادبوونە و بە قسەی بەرپرسانی ئێران، ئەمساڵ یەک ملیۆن و 400 هەزار تۆن کاڵا تەنیا لە مەرزی حاجی ئۆمەرانەوە هاوردەی کوردستان و عێراق کراوە، رۆژانەش زیاتر لە سێ هەزار گەشتیار لە مەرزەکەوە هاتوچۆیان کردووە.
ئاژانسی هەواڵی مێهر لە زاری عەلی ئەکبەر ئەشرەفی بەڕێوەبەری گومرگی حاجی ئۆمەران لە دیوی ئێران “تەمەرچین” بڵاویکردووەتەوە، “لە 21.3.2024 تا ئێستا یەک ملیۆن و 400 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای 570 ملیۆن دۆلار هەناردە کراوە، لەو بڕەش 800 هەزار تۆنی بە بەهای 350 ملیۆن دۆلار لە گومرگی حاجی ئۆمەران و 600 هەزار تۆنیشی بە بەهای 220 ملیۆن دۆلار لە شوێنەکانی دیکەی ئێران، گومرگی بۆ کراوە”.
بە قسەی ئەشرەفی، هەر لەو ماوەیەدا 15 هەزار و 500 تۆن کاڵا، کە بایی 50 ملیۆن دۆلار بووە، لە مەرزی حاجی ئۆمەرانەوە هاوردەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کراوە.
“ئەمساڵ بەتێکڕای رۆژانە سێ هەزار و 400 گەشتیار لە مەرزی حاجی ئۆمەرانەوە هاتوچۆیان کردووە و بەراورد بە ساڵی رابردوو، ئامارەکە 30٪ زیادی کردووە”، عەلی ئەکبەر ئەشرەفی وادەڵێت.
ئاشکراشی کردووە، داهاتی ئەمساڵی مەرزەکە بۆ حکومەتی ئێران گەیشتووەتە چوار هەزار و 900 ملیار ریال و 46٪ زیادی کردووە.
هەفتەی رابردووش عەباس محەمەد بەڕێوەبەری گومرگی کێلێ بە 964ـی وت، سەرەڕای هەندێک کەموکوڕی و کێشەی رێگاوبان، هیچ ساڵێک وەک ئەمساڵ داهاتیان زیاد نەبووە.