ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە گەشەسەندن دایە

رۆژانە 845 بارهەڵگر لە حاجی ئۆمەرانەوە هاتوچۆ دەکەن

شۆڕش قادری

ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزی حاجی ئۆمەران لە گەشەسەندندایە و رۆژانە 845 بارهەڵگر هاتوچۆ دەکەن.

عەلی ئەکبەر ئەشرەفی بەڕێوەبەری گومرگی حاجی ئۆمەران لە دیوی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی مێهری راگەیاندووە، “رۆژانە 845 بارهەڵگر لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە هاتوچۆ دەکەن و کاڵا دێنن و دەبەن”.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هەناردەی کاڵا لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران لەڕێی مەرزی حاجی ئۆمەرانەوە، بەراورد بە ساڵی رابردوو 107٪ زیادی کردووە.

عەلی ئەکبەر ئەشرەفی راشیگەیاندووە، هەناردە و هاوردەی کاڵا لە مەرزەکە بە کارتی بازرگانی و مەرزنشینان و پیلەوەری و کۆڵبەری ئەنجام دەدرێت.

دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە 25 کیلۆمەتری قەزای چۆمان و 11 کیلۆمەتری شاری پیرانشار لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە و بە یەکێک لە دەروازە بازرگانییە سەرەکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لەقەڵەم دەدرێت.