دوو فڕۆكەیان لە كۆریا كڕی
عێراق لەمەودوا بە فڕۆكە ئاگر دەكوژێنێتەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی ناوخۆی عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی کۆریای باشوور واژۆ کرد، بۆ ئەوەی دوو فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوەیان لێ بكڕن.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاشكرای كرد، بەڕێوەبەری گرێبەستەکان لە وەزارەتی ناوخۆ گرێبەستێکی لەگەڵ كۆمپانیایەكی پیشەسازیی فڕۆکەوانیی کۆریای باشوور واژۆ کرد، بۆ كڕێنی دوو فڕۆكەی ئاگركوژێنەوە، كە سەر بە بەڕێوبەرایەتیی فڕۆکەوانیی ناوخۆ دەبن.
ئەوەشیان باس كردووە، “گرێبەستەکە بریتییە لە راهێنانی فڕۆکەوان و تەکنیکكار و ئەندازیارانی عێراقی لەسەر دوو فڕۆکەكە، کە دەتوانن نزیکەی سێ هەزار لیتر ئاو هەڵبگرن”.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، وەزیری ناوخۆی عێراق عەبدولئەمیر ئەلشەمەری، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ شاندی کۆریای باشوور واژۆ کرد، کە بەشی سەربازی و هەروەها بریكاری وەزارەتی بەرگری کۆریای باشوور و ژمارەیەک ئەفسەر ئامادەی بوون.