وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە وادەڵێت؛

سبەی رێکەوتننامەکەی نێوان ئێران و ئەمریكا واژۆ ناكرێت

فەرهاد حەسەن

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە رێکەوتننامەی ئیسلامئاباد تەنیا سەرنج دەخاتە سەر کۆتاییهێنان بە شەڕ و بابەتی ئەتۆمی ناگرێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە رێکەوتنەکە سبەی واژۆ ناکرێت، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆك وەزیرانی پاكستان پێشبینی كرد كە لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتودا رێكەوتنەكە واژۆبكرێت.

ئیسماعیل باقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێكدا كە میدیا فەرمییەكانی وڵاتەكەی بڵاویانكردوەتەوە رایگەیاند، لێکتێگەیشتننامەی ئیسلامئاباد کە کارەکانی بەردەوامە، سەرنج دەخاتە سەر کۆتاییهێنان بە شەڕ و لەم قۆناغەدا بڕیار دراوە کە هیچ باسێک لەسەر پرسی ئەتۆمی نەکرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، سەبارەت بە کاتی وردی واژۆکردنی لێکتێگەیشتننامەکە “دەبێت چاوەڕێ بکەین، هەرچەندە سبەی نابێت بەڵام ئەگەری ئەوەی لە رۆژانی داهاتوودا ئەم رووداوە رووبدات، چونکە رەتنەکراوەتەوە”.

لە کاتێکی پێشتری ئەمڕۆ شەممەدا، شه‌هباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان رایگەیاند بوو، ئەمریکا و ئێران لەسەر چوارچێوەیەک بۆ رێکەوتنی ئاشتی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێکەوتون، دوای گەیشتن بە دەقی کۆتایی رێکەوتنەکە.

ئاماژەی بەوەشکردوه‌، ئێستا پاکستان خۆی ئامادە دەکات بۆ واژۆکردنی رێکەوتنەکە بە شێوەی ئەلیکترۆنی، کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتودا و دواتر گفتوگۆ لەسەر ئاستی تەکنیکی لە ماوەی هەفتەکەدا ئەنجام بدرێت.

ئەمریکا و ئێران رۆژی هەینی رابردوو ئاشكرایان كرد کە نزیکبونەته‌وە لە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکەیان، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاش وتبووی، هەردوولا لەسەر دەقێک رێکەوتون و پێشبینی دەکرێت واشنتن لە چەند رۆژی داهاتوودا ڕێکەوتنێکی سەرەتایی واژۆ بکات.