دوو شوێنیشى سزادا

چاودێرى بازرگانى زاخۆ رەتى دەکاتەوە قەیرانى غاز هەبێت

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

دەوترێت لە زاخۆ قەیرانى غاز سەریهەڵداوە و نرخەکەى گرانبووە، چاودێرى بازرگانیش دەڵێت، شتیوا نییە، ئەوەى هەیە دوو کۆمپانیا سەرپێچیان کردووە و سزا دراون.

دواى دەنگۆى گرانبوونى غاز،  لیژنەیەکى چاودێرى بازرگانى زاخۆ بەدواداچوونەکانى دەستپێکرد، دەرکەوت کۆمپانیایەک و شوێنێکى بازرگانى دەستکارى کیلۆى بوتڵى غازیان کردووە، لە جیاتى ئەوەى بوتڵێکى 28 کیلۆیى بە نۆ هەزار بفرۆشن، کردوویانە بە 22 بۆ 25 کیلۆ و بەو نۆ هەزار فرۆشتویانە، ئەو زانیاریانە، بەرزان ئیسماعیل، ئەندامى لیژنەى چاودێرى بازرگانى زاخۆ بە 964ـى داوە.

نەجم کوچەر کە خاوەن خوارنگەیەکى زاخۆیە بە 964 وت،” دوو رۆژە نرخی غاز بووە بە 12 هەزار دینار، پێشتر بە نۆ هەزار دینارم بوتڵێکم دەکڕى، بەڵام کۆمپانیاکە گرانی کردووە ناچارم ئیتر لەبەنزینخانە بیکڕم”.

بە وتەى بارزان ئیسماعیل، هیچ گرانبوون و قەیرانێکى لە زاخۆ نییە، تەنیا دوو شوێنی بازرگانی سەرپێچیان کردبوو، سزادران و هوشداری توندیش دراوە بە شوێنەکانى دیکە کە نرخ بەرز نەکەنەوە و دەستکارى کیلۆى بوتڵەکانى غاز نەکەن.

دڵنیایش دەدات بە هاوڵاتیان وەک ماوەى رابردوو دۆخەکە ئاساییە و غاز بە هەمان نرخ و کوالێتى دەدرێت بە هاوڵاتیان.

ئیدارەی زاخۆ رۆژانە پێویستی بە حەوت هەزار بوتڵى غاز هەیە، وەک ئەوەى ئەندامەکەى لیژنەى بازرگانیش باسى کرد، زیاتر لەو رێژەیە هەیە و پێویست بە دوودڵى ناکات.

لەزاخۆ 10 کۆمپانیا و ژمارەیەک شوێنی ئەهلی غاز دەفروشن، کۆمپانیاکان لەحکومەت غاز وەردەگرن و دەیفروشنەوە، شوێنە ئەهلییەکانیش لەبەنزینخانەکان غاز دەکرن و لەبازار دەیفروشنەزو.

چاودێری بازرگانی ئەم ژمارەیەى (07508535544) داناوە و دەڵێت هەر کەسێک بینى نرخى غاز گرانبووە، با پەیوەندیان پێوە بکات.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح