درۆن بۆ کوردستان و عێراق بۆ مۆندیال

شەوى رابردوو چى روویدا؟

وریا فەتاح

شەوى رابردوو خەڵکى کوردستان لەبەر دەنگى درۆن لە دڵەراوکێ دابوون، ئەم بەیانییەش عێراقییەکان دڵەڕاوکێى هەڵبژاردنەکەیان هەبوو، عێراق دواى 40 ساڵ خەونەکەى هاتەدى و گەیشتە مۆندیال، هاوڵاتیانى کوردستانیش دەیانەوێت دوور لە دەنگى درۆن بخەون، ترەمپ و نەتەنیاهۆ و عێراقچى قسەیان کرد، بەڵام هەریەکەیان بە باى خۆى شەن و کەوى دەکات.

بۆ ئەوەی لە هەواڵەکان دانەبڕێن کورت و پوخت هەموو ئەو رووداوانەی لە چەند کاتژمێری رابردوو روویانداوە لێرەدا بیزانن؛

📌شه‌وی رابردوو ژماره‌یه‌ك درۆنی دیكه‌ ئاراسته‌ی شاره‌كانی كوردستان كران، به‌ تایبه‌تی هه‌ولێر و سلێمانی و دەنگى بەهێزیش لە سنوورى خەلیفان و دۆڵى ئالانەى، بیستران و دەبەندیخان، بیستران.
📌 لە هەولێر دەنگەکان زۆر بەهێز بوون، لە ماوەى چەند خولەکێکدا زیاتر لە 10 دەنگ بیستران و سیستمى بەرگرى تێکى شکاندن.
📌 پاشماوەی یەکێک لە درۆنەکانیی هەولێر لە گەڕەکی نوسەران بەر ماڵێک کەوتووە و سەقفى ماڵەکەى کونکردووە.
⭕️ ئەو ماڵەى درۆنەکەى بەرکەوتووە، بەنەتەوە عەرەبن و خەڵکى روومادین.
📌 هەر شەوی رابردوو، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاندبوو: زیاتر لە 20 درۆن لە ئاسمانی هەولێر خراونەتە خوارەوەو خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
📌 جا کێشەکان هەر درۆن نین، نه‌بوونی غازی ماڵان له‌ كوردستان به‌رده‌وامه‌ و خەڵک بە کاتژمێر لە نۆرەدا دەمێننەوە و زۆرینەشیان بە بوتڵى خاڵى دەگەڕێنەوە.
📌 ئەم بەیانییەش کاتێک زۆرینەى زۆرى عێراقییەکان بۆ سەیرکردنى یارى هەڵبژاردەکەیان لە خەو هەڵسابوون، دەنگێکى گەورە لە هەولێر بیسترا و دواتر دوکەڵێکى گەورە ئاسمانى شارەکەى داپۆشى، بەڵام نازانرێت پەیوەندى بە دەنگەکەوە هەیە یان نا.
📌 هەڵبژاردەى عێراق یارییەکەى لە پۆلیڤیا بردەوە و دواى 40 ساڵ بە مۆندیال شاد بووەوە.
⭕️ سەرکەوتنى عێراق، ئەمڕۆ و سبەینێى لە عێراق کردە پشوو، بەڵام هەرێمى کوردستان ناگرێتەوە.
📌 ئێوارەى دوێنێ، شیلی کێتلۆسۆن رۆژنامەنووسى ئەمریکى، لە ناوەڕاستى بەغدا رفێندرا، تۆمەتبارێک دەستگیرکراوە، بەڵام هەوڵەکان بۆ رزگارکردنى رۆژنامەنووسەکە هێشتا بەردەوامە.
📌 لەسەر ئاستى جیهان و ناوچەکەش دۆخەکە هەر ئاڵۆزە، هێرشەکانى ئیسرائیل و ئێران بۆسەر یەکترى بەردەوامن.
📌 ئەم بەیانییە، بۆمبێکى هێشووى لە ناوەراستى ئیسرائیل کەوتە خوارەوە و 14 کەس بریندار بوون.
📌 ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران قسەیان کرد، هەرسێ لا بێمنەتن و کەس نازانێت کێ براوە و کێ دۆڕاوە.
📌 عەباس عێراقچى: تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکمان بۆ ئەو 15 پێشنیارەی ئەمریکییە نەناردووە و ئێمەش هیچ پێشنیار و مەرجێکمان نەکردووە.
📌 بنیامین ناتەنیاهۆ: ئەو رژێمەی ساڵانێکە دروشمی مەرگ بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل دەڵێتەوە، ئێستا لە هەموو کاتێک لاوازترە و ئیسرائیلیش لە هەموو کاتێک بەهێزترە، بۆیە “درەنگ یان زوو ئەو رژێمە دەکەوێت”.
📌 دۆناڵد ترەمپ: دوو بۆ سێ هەفتەی تر ئێران بەجێدەهێڵین، هیچ هۆکارێکیش نییە بۆ مانەوەمان، چونکە تاکە ئامانجم ئەوەبوو رێگرى بکەم لە دەستکەوتنى چەکى ئەتۆمى لەلایەن ئێرانەوە