دیمەنی ناوچەیەکی رۆژئاوا لەدوای جەنگ وێنە: سۆشیاڵ میدیا
رێکخراوی رێسا بۆ مافەکانی مرۆڤ
لەماوەی یەک ساڵدا تورکیا 500 جار پێشێلکاری لە رۆژئاواى کوردستان ئەنجامداوە
ژێوار خدر
بەپێی راپۆرتێک کە رێکخراوی رێسا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، تورکیا لەماوەی یەک ساڵدا 500 پێشێلکاری لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوە، کە بووەتە هۆی زیانی گیانی و مادی بەرچاو.
بەپێى راپۆرتى رێکخراوەکە، پێشێلکارییەکانی تورکیا بووەتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران هاوڵاتی مەدەنى و وێرانکردنی دەیان گوند و ناوچەی نیشتەجێبوون لە رۆژئاوای کوردستان، جگە لەوەی خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانی ئابوری ناوچەکەی بە ئامانج گرتووە، کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵک دروستکردووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە رێگەی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو، بە ئامانجگرتنی ناوچە مەدەنییەکان، و پێشێلکردنی سەروەری خاکی ناوچەکە، تورکیا پێشێلی چەندین رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی و یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی کردووە، هەروەها بەردەوام دەستدرێژی دەکاتە سەر سەرچاوە سروشتییەکان و ئاوی خواردنەوەی هاوڵاتیان.
رێکخراوەکە، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، هەڵوێستی جدی و کرداری وەربگرێت بەرامبەر پێشێلکارییەکانی تورکیا و دەڵێت، پێویستە گوشاری نێودەوڵەتی بخرێتە سەر تورکیا بۆ راگرتنی ئەم پێشێلکارییانە و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان.
هەروەها داوای دامەزراندنی لیژنەیەکی نێودەوڵەتیش دەکات، بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکان و بەدواداچوونی یاسایی.