هەوڵ هەیە ئەمشەو ماڵەکانیان رووناک بکرێتەوە

چەند رۆژێکە 72 هەزار هاوڵاتی هەولێر بێ کارەبان

شۆڕش قادری

چەند رۆژێکە نزیکەی 72 هەزار هاوڵاتیی دانیشتووی 10 گەڕەکی هەولێری پایتەخت، کارەبا رەئیسیان نییە و هەوڵ هەیە ئەمشەو ماڵەکانیان رووناک بکرێتەوە.

بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی کارەبا، لە رۆژی 19ـی ئەم مانگەوە،  بەهۆی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کاری سازدانەوە و شارستانی، 12 کێبڵی کارەبای 132 کەی ڤیی پاڵەپەستۆی بەرز زیانییان بەرکەوتووە، ئەوەش بووەتەهۆی پچڕانی پێدانی کارەبا بە وێستگەکانی نووسەران و پارک لە هەولێر.

ئاماژە بەوەشکراوە، هەر بەوهۆیەوە نزیکەی 72 هەزار هاوڵاتی دووچاری پچڕانی کارەبا بوونەتەوە لە گەڕەکەکانی (نووسەران، حاکماوە، تەیراوە، بەشێکی بەختیاری، سەڵاحەددین، ئاری، تاوەرەکانی گوڵان، پڕۆژەی کواترۆ، سکای تاوەر و بۆلیڤارد).

تیمەکانی چاککردنەوەی وەزارەتی کارەبا و پڕۆژەی ڕووناکی کار دەکەن لەسەر ئەوەی بەزووترین کات چارەسەری ئەو کێشەیە بکەن و پێشبینی دەکرێت ئەمشەو دەست بەگەڕانەوەی کارەبای نیشتمانیی ئەو گەڕەکانە بکرێت.