13 ساڵە ئاوارە و پەنابەرن
حکومەتە راگوزەرەکە دەیەوێ شەش ملیۆن سوری بگەڕێنێتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
“مافی هەموو پێكهاتەكان دەپارێزن و پەنابەرانی سوریاش کە وڵاتیان بەجێ هێشتووە، داوایان لێ دەکەیەن بگەڕێنەوە سوریا” ئەمە قسەی محەمەد بەشیر، سەرۆكی حكومەتی راگوزەری سوریایە.
حکومەتە راگوزەرەکە دەیەوێ، هەموو ئەو هاوڵاتییە سوریانەی لەماوەی 13 ساڵی رابردوودا وڵاتەكەیان بەجهێشتووە بگەڕێنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11.12.2024، محەمەد بەشیر سەرۆكی حكومەتی راگوزەری سوریا رایگەیاندووە، لە سوریای نوێدا مافی هەموو سورییەكان بە هەموو پێكهاتەكانەوە دەپارێزرێت و گرەنتی دەكرێت، كاتی ئەوەش هاتووە كە سورییەكان لە كەشێكی ئارام و سەقامگیردا بن.
قسەکانی بەشیر لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دوای رووخانی رژێمی سوریا یەکەم کۆبوونەوەی حکومەتی رزگاری و کاتی سوریا بەسەرۆکایەتی ناوبراو ئەنجامدرا، وەزارەتی راگەیاندنی سوریا بڵاویکردەوە، سەرجەم وەزیرەکانی شۆڕشی حکومەتی رزگای سوریا بە سەرۆکایەتی محەمەد بەشیر کۆبوونەوە بۆ دیاریکردنی رێکارەکانی رادەستکردنی دامودەزگا حکومیەکان.
ئەم حکومەتە کاتیە لە ژمارەیەک وەزیر پێکهاتووە و تا مانگی ئازاری 2025 بەردەوام دەبێت و تا ئەو کاتەی کێشە دەستوورییەکان یەکلایی دەبێتەوە، هەر بۆیە بەنیازە هەموو ئەو سوریانەی لە ساڵی 2011 و لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سوریا و بە گوێرەی UNHCR زیاتر لە شەش ملیۆن و 200 هەزار کەسن و ئاوارەبوون و 76%یان چونەتە وڵاتانی دراوسێ بگەڕێنەوە وڵاتەکە.