بازنەی فەرمانگەکان فراوانتر بوون
لە سلێمانی بایکۆت بەردەوامە
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
بەهۆی دواکەوتنی موچەوە ژمارەیەک فەرمانگە لە سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کردووە و کاروباری هاوڵاتیانیش پەکی کەوتووە.
بەپێی زانیاریەکانی 964، بۆ دووەم رۆژ کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کردووە و هەریەکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی پێشمەرگە، شارەوانیەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، دادنوس و چەند کۆلێژێکی زانکۆی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوان، کارەبا و ئاوی سلێمانیش بەهەمان شێوە بایکۆتیان راگەیاندووە و دەوام ناکەن.
بەهۆی بایکۆتەکەوە کاری هاوڵاتیان پەکی کەوتووە و هەندێک لە فەرمانگەکانیش بۆ ئەوەی کارمەندەکانیان بایکۆت نەکەن ژمارەی رۆژی پشوویان بۆ فەرمانبەرەکانیان زیادکردووە.
لە زۆرێک لە قوتابخانەکانیش لە سنووری سلێمانی بایکۆتی دەوام کراوە و لە سەرەتای هەفتەوە مامۆستایان دەوامیان نەکردووە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر