لیژنەی ئەمنی سلێمانی:

“نییەتمانە کۆتایی بە پاشاگەردانی و شێواندنی سیمای شارستانی سلێمانی بهێنین”

شۆڕش قادری

لیژنەی ئەمنی سلێمانی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە ئاماژە بە گۆڕانکاری لەبارەی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا دەکەن و دەڵێت، “سوورین لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکە و نییەتمانە کۆتایی بە پاشاگەردانی و یاساشکێنی و شێواندنی سیمای شارستانی سلێمانی بهێنین”.

لێژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “لە چەند پەیج و ماڵپەر و کەناڵێکی راگەیاندن ھەواڵێکی ناڕاست و بەمەبەست وچەواشەکارانە بڵاوکراوەتەوە کە گۆڕانکاری بەسەر بڕیاری دەستبەسەراگرتن و قەدەغە کردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان کراوە، یاخود بڕیارەکە گۆرانگاری بەسەر ھاتووە و ھەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێکی بێ سەرەتا ناگرێتەوە” .

دەشڵێت،”وەک لیژنەی ئەمنی سلێمانی بۆ ھەموو لایەکی رادەگەێنین کە ئەم ھەواڵە دوورە لە راستییەوە و بەھیچ جۆرێک ھیچ پاشگەزبونەوە و گۆرانگاری بەسەر بڕیارەکەمان نەھاتووە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکەیان سەرپێچی نەبووە و زۆر بەوردی دیراسە کراوە و کۆدەنگی و ھەماھەنگی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی لەسەرە.

لیژنەی ئەمنی سلێمانی جەختیش لەوە دەکاتەوە کە، “بەتەواوی نییەتمانە کۆتایی بە پاشاگەردانی و یاساشکێنی و شێواندنی سیمای شارستانی و ئارامی شاری سلێمانی بهێنین  و زۆر جدی و سوورین لەسەر جێبەجێکردنی ھەر بڕیارێک کە بڕیاری لەبارەوە بدەین”.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی گرتەڤیدیۆیەکی بڵاوکردووتەوە و دەڵێت، “لیژنەی ئەمنی پابەندە بە جێبەجیکرنی بڕیاری قەدەغەکردن و نەهێشتنی ئوتومبیلە بێ سەرەتاکان”.

دوێنێ دووشەممە 2.12.2024 لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی بڕیاریدا بە دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا و پێشتر و لە 24.11.2024ـەوە ئەو بڕیارە لە هەولێرێش جێبەجێ کراوە.