دیمەنی رانیە لە ئاسمانەوە - وێنە: بۆ 964 نێردراوە
بەهۆی سەرپێچی کردنیان
لە رانیە تەنیا لە یەک گەڕەک کارەبای 10 ماڵ بڕدرا
ژێوار خدر
بەڕێوەبەرایەتی کارەبای راپەڕین هەڵمەتێکی دەسپێکردووە بۆ پشکنینی تۆڕەکانی کارەبای قەزای رانیە، لە هەڵمەتەکەدا هەر جارە و گەڕەکێکی قەزاکە دەپشکنێت و تەنیا لە یەک گەڕەکی ئەو قەزایە 10 سەرپێچی کارەبای هاوڵاتییان تۆمارکردووە و کارەباکەیان بڕیون.
بەڕێوەبەرایەتی کارەبای راپەڕین لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاند، تیمەکانی سەرپێچی لەهۆبەی چاککردنەوەی تۆڕەکانی کارەبای رانیەی 1، هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان دەستپێکردووە لە گەڕەکی بیتوێن سیتی و لە هەڵمەتەکەدا 10 سەرپێچییان تۆمار کردووە، کە کراونەتە سەر تۆڕەکانی کارەبا و بێ هاوبەشی کردن کارەبایان راکێشاوە.
عەلی محەمەد، بەڕیوەبەری کارەبای راپەڕین بە 964ـی وت، سزای سەرپێچیکردن، جگە لە بڕینی کارەبای سەرپێچێکار 60 هەزار دینارە، ئەگەر ماڵ بێت، بۆ دوکان 100 هەزار دینار و بۆ باخ و بیر و کارگەکانیش سزاکەی 200 هەزار دینارە.
روونیشیکردەوە، ئەو کەسانە بی کارەبا دەبن، تا ئەو کاتەی دێن و بەشێوەی یاسایی لە بەڕیوەبەرایەتییەکەمان خۆیان تۆمار دەکەن، هەرکەسێکیش سەرپێچییەکە دووبارە بکاتەوە دەدرێتە دادگا.