لەسەر سنوور
سوپای عێراق لەترسی جموجوڵی گرووپە چەکدارەکانی سووریا کەوتووەتە ئامادەباشییەوە
964+
ژووری هەواڵ
پێشڕەوی دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی بۆ سەر حەلەب، ترسی لای بەرپرسانی ئەمنی عێراق دروستکردووە، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە دەڵێت، سنوورەکانیان لەگەڵ سووریا بەتەواوەتی پارێزراوە و بە بەردەوامی لە رێگەی درۆن و کامێرای حەرارییەوە چاودێری دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی روانگەى سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ، دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی توانیویانە زیاتر لە نیوەی شارەکە بگرن و “سوپای سووریا لە بەشێکی زۆری شارەکە کشاوەتەوە و شەڕ راوەستاوە، بەڵام سەرجەم ئەو رێگایانەی داخستووە کە دەچنەوە سەر حەلەب”.
یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقى وتوە”پاراستنی سنوورەکان کارى لە پێشینەیانە و سنوورەکانیان لەگەڵ سووریا بەتایبەت باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە پارێزراوە و بەردەوام لە رێگەی درۆنەوە چاودێری دەکرێت”.
یەحیا رەسوڵ راشیگەیاندووە، دەزگای هەواڵگریی عێراق، چاودێریی هەموو جوڵەیەکی “تیرۆریستان” دەکات و لە پشت هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە، هێزەکانی سوپای عێراق بوونیان هەیە و لە ئەگەری هەوڵدان بۆ نزیکبوونەوەیان لە سنوورەکان، بەتوندی بەرپەرچ دەدرێنەوە.
سەرچاوەیەکی سەربازی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، دوای ئەوەی هێزە چەکدارەکان گەیشتوونەتە ناوەڕاستی باکووری شاری حەلەب، حکومەتی سووریا فڕۆکەخانەی شارەکەی داخستووە و سەرجەم گەشتەکانی هەڵوەشاندووەتەوە.