کۆنگرەى رۆژنامەوانى، دارا رەشید، وەزیرى پلاندانانى هەرێم
وەزیرى پلاندانانى هەرێم:
هەرێمى کوردستان باشتر لە عێراق پڕۆسەى سەرژمێرى ئەنجامدا
964+
وریا فەتاح
وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەرچەندە لە دواى عێراق دەستیان بە ئامادەکارییەکان کرد، بەڵام باشتر پڕۆسەى سەرژمێریان بەڕێوە برد، بەشێوەیەک، 99.98%ـی کارەکانی تۆمارکردنی خێزانەکان و 99.92%ـی تۆماری باڵەخانەکان تەواوبوون و هیچ پارێزگایەکى عێراق نەیتوانى ئەو رێژەیە تۆمار بکات.
دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەرچەندە بڕیار بوو کاتژمێر 12ـى شەوى رابردوو قۆناغى دووەمى پڕۆسەى سەرژمێرى تەواو بکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەى زۆرێک لە خێزانەکان و باڵەخانەکان لە عێراق تەواو نەببوون و هەندێ وردە گلەیى لە هەرێم هەبوون، دەستەى ئامارى هەرێم و ناوەند بڕیاریاندا بە درێژکردنەوەى پڕۆسەکە و ئەمشەو کاتژمێر 12ـى شەو کۆتایى دێت.
وەک ئەوەى وەزیرى پلاندانانى هەرێم باسى دەکات، هەرێمى کوردستان توانیویەتى بە باشتر پڕۆسەکە بەڕێوە ببات و تائێستا توانیویانە، کارەکانی سەرژمێری و تۆماری خێزانەکان 99.98%ـی تەواو بکەن، بەجۆرێک لە هەولێر 99.99%، لە سلێمانی 100%، لە دهۆک 99%ـی کارەکان تەواوکراون. تۆمارى باڵەخانەکانیش لە هەموو پارێزگاکانى هەرێم سەروو 99%ـى تەواو بووە.
ئەو کاتەى وەزیرى پلاندانان کۆنگرەکەى تێدا ئەنجام دەدا، سێ کاتژمێر و نیووى مابوو بۆ کۆتاییهاتنى پڕۆسەکە، بۆیە وەک باسى کرد ژمارەکانیش دەگۆڕن.
روونیشى کردەوە، بژمێرەکان ماڵ بە ماڵ گەراون و ئەوەشى ماوە دەژمێردرێت.