وەزارەتى پلاندانان:
تا ناوەڕاستى هەفتە ئەنجامى سەرژمێرى رادەگەیەندرێت
964+
وریا فەتاح
وەزارەتى پلاندانان رایدەگەیەنێت، تا ناوەڕاستى هەفتە ئەنجامى سەرژمێرى سەرەتایى رادەگەیەنرێت، دەشڵێت: قۆناغێکى نوێ هەیە و بۆ ماوەى 20 رۆژ بەردەوام دەبێت.
وەک ئەوەى عەبدولرەزاق هەنداوى وتەبێژى وەزارەتى پلاندانان بە ئاژانسى دەنگوباسى عێراقى وتووە، ئەنجامی سەرەتایی سەرژمێری زۆری پێناچێت، و لە ناوەڕاستی هەفتەدا ژمارەى دانیشتوانى عێراق رابگەیەنرێت، بەوەش دانیشتوانى هەر پارێزگایەک چەندە و چەندى دانیشتووى شارە و چەندى دانیشتووى گوندە، لەگەڵ هەر گروپێکى تەمەن.
روونیشى کردووەتەوە، ئەنجامە وردەکان و وردەکارى پڕۆسەکە پێویستى بە ماوەیەک هەیە، بەو پێیەى بڕێکى زۆر داتا و تایبەتمەندى هەیەن لەوانە، کۆمەڵایەتى، تەندروستى، نیشتەجێبوون، پەروەردە و چەندین وردەکارى دیگە کە پێویستى بە دوو مانگ یان زیاتر هەیە بۆ ئاشکرا بوونى.
“سەرژمێرییەکە لە قۆناغی یەکەمی ژماردن و ژمارەدان تەواو بوو، قۆناغی دووەمیش کە لە 20/21ـى ئەم مانگە ئەنجامدرا، ئەمڕۆ تەواو دەبێت، هێشتا قۆناغی سێیەمی داتای وردمان لەبەردەستە، بەمەش دەبێت بۆ ماوەی بیست رۆژ بەردەوام بین”، هەنداوى وا دەڵێت.